بژمێرەکان ئەمڕۆ و سبەی چی دەپرسن؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ و سبەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت. سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری دەڵێت، هەر خێزانێک تاوەکو ئەمڕۆ تۆمارنەکرابێت، سبەی تۆمار دەکرێت.
کارزان رەزا، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بژمێرەکان ئەمڕۆ کاریان ئەوە بووە؛ هەر کەس لە 16 بۆ 19ـی مانگ ناوی تۆمار نەکرابێت، تۆماری بکەن. هەر خێزانێکیشیان تۆمار کردبێت، ئەمڕۆ پێداچوونەوەیان بە زانیارییە تۆمارکراوەکەیدا کردووە."
بەگوتەی کارزان رەزا، سبەی (پێنجشەممە) ئەرکی بژمێرەکان هەمان ئەرکی ئەمڕۆ دەبێت، هەر خێزانێک ناوی تۆمارنەکرابێت، تۆماری دەکەن و ئەوانەشی تۆمارکراون و ئەمڕۆ سەردانیان نەکراوە، سبەی وردبینی لە زانیارییە تۆمارکراوەکەدا دەکەن.
ئەو پرسیارانەی لە رۆژانی 16 بۆ 19ـی مانگ کران، لە فۆرمێکی سادەی یەک لاپەڕەییدا بوون. پرسیارەکان بریتی بوون لە ناوی سەرۆک خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان و ناوی سیانیان، پەیوەندیی خێزانیان، رەگەز، رۆژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوون.
هەر ئەمڕۆ، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی جگە لە چێککردنەوەی زانیارییە تۆمارکراوەکانی رۆژانی 16 بۆ 19ـی مانگ، دوو پرسیاری دیکەش لە هاونیشتمانییان دەکرێن. یەکەم: ئایا تاوەکو کاژێر 12ـی 19 لەسەر20ـی مانگ، منداڵتان لەدایکبووە؟ ئەگەر منداڵ لەدایکبووبێت، ئەو کاتە ناوەکەی زیاد دەکرێت.
پرسیارەکەی دیکە ئەوەیە؛ ئایا تاوەکو پێش کاژێر 12:00ـی شەوی 19 لەسەر 20ـی مانگ، هیچ کەسێک لە خێزانەکەتاندا کۆچی دوایی کردووە؟ ئەگەر گوتیان 'بەڵێ'، ئەوا ناوەکەی دەسڕدرێتەوە.
دواتر قۆناخێکی دیکە لە 22ـی مانگ تاوەکو 10ـی مانگی کانوونی یەکەم بەڕێوەدەچێت، ئەویش وەرگرتنی وەڵامی زیاتر لە 70 پرسیارە، لەوانە پرسیاری هەبوونی ئامێرەکانی نێو ماڵ، باری خێزانی و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە. کارزان رەزا دەڵێت "لە قۆناخەکانی دیکەدا کە 22ـی ئەم مانگە دەستپێدەکات، ئەو پرسیارانە لە خەڵک دەکرێن."
ئەمڕۆ و سبەی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام دەبێت. ئەوەش بە ئامانجی سەرکەوتنی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە تەواوی وڵاتدا.