قوتابیان لە سنووری هەڵەبجە داوای کردنەوەی قوتابخانەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی دوو مانگە دەرگەی قوتابخانەکان لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی بەهۆی بایکۆتەوە داخراون. قوتابییان و کەسوکاریان داوای کردنەوەی قوتابخانەکان دەکەن. 
 
نمە یاسین دەبوو ئەم ساڵ لە پۆلی پێنجی بنەڕەتی بخوێنێت، بەڵام هێشتا دەستی بە وانەی یەکەمی ئەو قۆناخە نەکردووە و لەماڵەوە کاتەکانی بەسەردەبات.
 
نمە دەڵێت، "حەزم دەکرد قوتابخانە بکرێتەوە، بەڵام نەکرايەوە، ئيتر لە ماڵەوە بە کتێب و وانەی ئينگليزی و زمانی فارسی و کۆڵانەوە خۆم سەرقاڵ دەکەم. مۆبايليش نابێت هەموو دەقەيەک بەکاریبهێنیت، ناشبێت زۆر بڕۆينە کۆڵان، دادەنيشم بۆ خۆم بيردەکەمەوە."
 
بەگوتەی دایکی نمە، نەبوونی قوتابخانە وایکردووە نەتوانن وەک پێویست پەروەردەی منداڵەکانیان بکەن، چونکە سیستمی پەروەردە بەبێ قوتابخانە تەواونابێت.
 
جوانە ئيسماعيل، دايکی نمە دەڵێت، "خاڵە نەرێنییەکانی زۆرن، جاران منداڵ کاتێک لە قوتابخانە بوو بۆ پەروەردەکردن، کاتێک لەبەر دەستی مامۆستا بوو، پەروەردەيەکی جياواز بوو. کاتێکیش لای ئێمە دەبوو فريای پەروەردەی دەکەوتين، چونکە خۆشمان دەواممان هەيە؛ دۆخەکە بۆخۆمان و بۆ منداڵ زۆر خراپە، بەتايبەت بۆ منداڵ کۆنترۆڵ ناکرێت، ئێستا سێ منداڵم هەیە."
 
منداڵانی هاوشێوەی نمە بەشێکن لەو گردبوونەوە و خۆپيشاندانانەی مامۆستايان کە هەفتانە دەيکەن.
 
ئەوين کازم، قوتابییە و دەڵێت، "من وەک قوتابييەکی شەشی بنەڕەتی داوا دەکەم کە دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە، بچينەوە خوێندن، من زۆر بێتاقەتم کە قوتابخانە نيیە، کاتەکانم بە کتێب خوێندنەوە بەسەر دەبەم." 
 
ئارۆ ئەبوبکر، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت، "من لە هەفتەیەکدا سێجار وانە دەخوێنم. دەچم بۆ مزگەوت وانە دەخوێنم. هاوڕێکانم لە گەڕەکی خۆمانن دەيانبينم."
 
لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەکرێت، هێشتا لە قوتابخانەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان خوێندن دەستی پێنەکردووە.