حدکا: لە کۆیە پێشمەرگەیەکمان شەهید بوو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەی کۆیەدا پێشمەرگەیەکیان "شەهید"بووە.
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بۆردوومانەکەی کۆیەدا پێشمەرگەیەکیان بە ناوی بێهزاد ئیسکات ناسراو بە "چیاکۆ شەهید بووە."
هاوکات حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "درەنگانی ئەمشەو، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و درۆن چەند بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە نزیک کۆیە و جێژنێکان کردە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییە نوێیەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب بەداخەوە پێشمەرگەیەک بە ناوی بێهزاد ئیسکات شەهید بوو. هەر بەپێی هەواڵەکان لەو هێرشە مووشەکییەدا بنکەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە نزیک سلێمانیش بە درۆن لێی دراوە."
پەیامنێری رووداو: بێهزاد خەڵکی پاوە بوو و تەمەنی 22 ساڵان بوو؛ دوو ساڵە بووەتە پێشمەرگە و ئەمشەو لەکاتی پاسەوانیدا بەهۆی بۆردوومانی ئێرانەوە لە کۆیە گیانی لەدەستدا. pic.twitter.com/cppSB67WSx
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 21, 2022
حدکا دەڵێت، "هێرشی مووشەکیی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات لە حاڵێکدایە کە پێشتر لە رۆژی 14ی ئەم مانگە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەزاندنەوەی هەموو پڕەنسیپە نێونەتەوەییەکان بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە مووشەک بەئامانج گرتبوو کە ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگە. هەروەها لە رۆژی 28ی 9ی 2022 کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی بەئامانج گرتبوو، نۆ کەس شەهید بوون کە سێ کەس لەوان ژن و منداڵ بوون."
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوای "سنووردانان" بۆ ئێران دەکات و دەڵێت، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەربەستێکی جیدی بۆ سنووربەزاندنەکانی ئێران دابنێت، ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوور دانەنێت، ئێران لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت."
دەشڵێت، "هەروەک پێشتریش رامانگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێوخۆ بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دوا پەلەقاژەکانی بەر لە نەمانی دەکات. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنەوەی جینایەت و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، روو لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی جیهانی رادەگەیێنێتەوە کە هەتا بەربەستێکی جیدی بۆ سنووربەزاندنەکانی کۆماری ئیسلامی دانەنرێ، ئەم هەڕەشە و هێرشانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن."
هەروەها سکرتاریەتی کۆمەڵە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: ئەمشەو جارێکی دیکە سەرکردایەتی کۆمەڵە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە درۆنی بۆمبڕێژراو کرایەوە ئامانج. هاوکات باس لەوە دەکات کە پێشمەرگەکانیان زیانیان بەرنەکەوتووە و هێرشەکە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.