تەرمی گەنجێک کە لە دارستانەکانی بولگاریا گیانی لەدەستدابوو گەڕێندرایەوە دهۆک

 
رووداو دیجیتاڵ 

گەنجێکی دهۆک بە ناوی حاجی کەرەڤان شەمۆ، لەدایکبووی ساڵی 1996 لە دارستانەکانی بولگاریا گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە دهۆک. 
 
عیماد کۆچەر، ئامۆزای حاجی کەرەڤان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حاجی پێشتر دایک و باوکی لەدەستدابوو. دوو برا و سێ خووشکی هەن و پێش ئەوەی روو لە دەرەوەی وڵات بکات کرێکاریی دەکرد. 
 
وەکو کەسوکاری باسی دەکەن، رۆژی 4ـی ئابی 2023، حاجی هەوڵیداوە بە قاچاخی بچێتە ئەوروپا، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکاری دەپچڕێت؛ رۆژی 5ـی ئەیلوولی 2023 ماڵباتەکەی بە گیانلەدەستدانی دەزانن و دواتر چەند کەسێکی نزیکی ماڵباتەکە لە بەریتانیاوە چوونەتە بولگاریا و تەرمێکیان لەوێ دۆزیوەتەوە و دڵنیابوونەتەوە کە ئەوە تەرمی حاجی بووە. 
 
دوای ئەوە چەند پارێزەرێکیان بۆ کەیسەکەی گرتووە بۆ ئەوەی تەرمەکەیان رادەستبکرێتەوە. 45 رۆژ دواتر تەرمەکەی گەیێندرایە زاخۆ و دواتر رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کرا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری پشت گیانلەدەستدانی. 
 
حاجی کەرەڤان شەمۆ، هاوسەرگیری نەکردووە و دایکی لەساڵی 2021 بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە. براکەی دەڵێت، باوکیشیان هەر زوو گیانی لەدەستداوە و خاوەنی دوو خوشکن، کە ئەوانیش نیڤشکانن.