ئاسایش: تۆمەتباری تەقەکردنەکەی سلێمانیمان دەستگیرکرد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی تۆمەتباری رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی شەقامی مەلیک مەحموودی شاری سلێمانی رادەگەیەنێت.
 
شەوی رابردوو، 19ـی ئەیلوولی 2024، لە رووداوێکی تەقەکردن دا لە سلێمانی دوو کەس بریندار بوون. 
 
یەکێک لە برینداران فیشەکی بەر سەری کەوتبوو، ئاسایشی دەڵێت، گیانی لەدەستداوە. ئەوی دیکەیان فیشەک بەر قاچی کەوتبوو، تەندروستیی جێگیرە. 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە شەقامی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی "دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لە نێوان سەرنشینانی دوو ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە چەکی جۆری دەمانچە دوو هاووڵاتی بریندار دەکات و بەخێرایی شوێنی رووداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت."
 
ئاسایش دەشڵێت: "دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە پێنج کاژێر دا تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکرا و  رووبەڕووی یاسا کرایەوە."