زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی کارا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سبەیەوە بۆ 10 رۆژ زانکۆلاین کارا دەبێت و دەرچووانی 12ی ئامادەیی دەتوانن داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پێشکێش بکەن.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پڕۆسەی وەرگرتنی دەرچووان لە سبەی 21ی ئەیلوول کاژێر 12:00 نیوەڕۆ لە رێگەی زانکۆلاینەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 10 رۆژ و تاوەکو 30ی ئەیلوول کارا دەبێت.

بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەبێت سەردانی قوتابخانەکانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت، "بەرپرس نابین لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان."

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوەش دەکات، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى.

وەزارەتەکە داوا لە قوتابیان دەکات، "بە وردی ریزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنیان تێدا تەواو بکەن؛ هەروەها پێویستە دەرچووانى پۆلى 12 لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکێشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ دوا رۆژەکانی زانکۆلاین."

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە دەرچووانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییە پیشەییەکان کراوە و خوێندنى باڵا دەڵێت، "زانکۆلاین لە هەمان کات و هەمان ماڵپەڕ بۆ ئەوانیش کارا دەبێت بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان پێشێش بکەن."

بەگوێرەی وەزارەتى خوێندنى باڵا، "سەرجەم ئەو دەرچووانەى لە خوار ساڵى 2000ـەوە دەرچوون و هەروەها دەرچوانی پێنج ساڵی رابردووی پیشەییەکان کە نیازی فۆرم پێشکێشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەهۆی نەبوونی ناو و زانیارییان لەناو سیستمى زانکۆلاین، پێویستە سەردانی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسوێرد و داخڵکردنی زانیارییەکانیان."

17ی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نمرەی دەرچووانی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی پەروەردە نمرەی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاتر هەن.