شارەوانییەکانی سلێمانی: پێمان گوتراوە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ فەرمانبەران زەوی وەردەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

زۆرینەی فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، وەزارەتی شارەوانی رایگەیاندووە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو فەرمانبەران زەوییان وەرگرتبێت.
 
ئاوات دەباخ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی فەرمانبەرەکان فۆرمیان پڕکردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواوی فۆرمەکان بگەڕێندرێنەوە وەزارەتی شارەوانی."
 
دوای گەڕاندنەوەی فۆرمەکان بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئەو وەزارەتە نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەکات و دواتر ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانێک رەزامەندی دەردەبڕێت و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکاتەوە و وەزارەتەکەش فەرمان دەردەکات و بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دەنێرێت بۆ جێبەجێکردن.
 
لەبارەی ئەوەی کەی فەرمانبەران زەوی وەردەگرن، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی گوتی، "وەزارەتی شارەوانی بە ئێمەیان گوتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەبێت هەموو ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی لە هەرێمی کوردستان فۆرمیان پڕکردووەتەوە زەوییەکەیان وەرگرتبێت."
 
ئاوات دەباخ ئاماژەی بەوەشکرد، شارەوانییەکان لە زۆرینەی ناوچەکان زەوییان بۆ دابەشکردن ئامادە کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ دڵشاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان بە رووداوی گوت، "زیاتر لە دوو هەفتەیە لیژنەکەمان فۆرمەکانی رادەستی وەزارەتی شارەوانی کردووە و دوای وردبینییەکانی شارەوانی و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دەرکردنی فەرمان بۆی، دابەشکردنی زەوییەکە بەگوێرەی رێکارەکان دەستپێدەکات."
 
رێکارەکان لە کاتێکدان 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون.
 
بڕیاری دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.