گەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوان لە بەغداوە لەسەر 1.5 ملیار دینار پەکی کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
چوار ساڵە، 171 رووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان لە دادپزیشکیی بەغدان. پەرلەمانتارانی گەرمیان هەوڵەکانیان بۆ هێنانەوەی رووفاتەکان چڕکردووەتەوە و یەکێک لەو پەرلەمانتارانە دەڵێت، نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، تاوەکو پارەی پێویست دابین بکات.
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە 20-09-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە وەکو پەرلەمانتارانی گەرمیان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا بە هاوبەشی هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ هێنانەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوان کە نزیکەی 4 ساڵە لە دادپزیشکی بەغدان و لە بیابانی سەماوە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزرابوونەوە.
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوە دەکات، بەپێی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان؛ دەبووایە پشکنینی ترشی ناوەکی (DNA) بۆ رووفاتەکان بکرێت؛ بە شایستەییەوە بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام نەکراوە. گوتیشی، گوشارێکی زۆریان دروستکردووە، بەڵام پرسەکە لەسەر دابینکردنی بودجەیەک بۆ پشکنینەکە، ماوە.
بەگوتەی کاروان یاروەیس، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمان لەسەر داوای ئەوان نووسراویان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و داوای دابینکردنی پارەیان کردووە، چونکە دادپزیشکیی داوای دابینکردنی پارەی پێویست دەکات بۆ دەستکردن بە پرۆسەکە تاوەکو نموونە (سامپڵ)ـی رووفاتەکان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان وەربگرن.
ئەو پەرلەمانتارانە، رۆژی دووشەممە 18-09-2023 لەگەڵ حەسەن سالم، سەرۆکی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و، داوایان کردووە بۆ گێڕانەوەی رووفاتەکان رۆڵیان هەبێت. یاروەیس دەڵێت، "ئەویش بەڵێنی دا نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی و دادپزیکشی بەغدا بکەن و بەداداچوون بکەن. لیژنەکەشیان میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، وەک دادپزیشکی بەغدا، بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، سەرۆکی دەستەی شەهیدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".
بەهۆی تاوانی ئەنفالەوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژکران و لە بیابانەکانی خوارووی عێراق خرانە گۆڕی بە کۆمەڵەوە، بەڵام تائێستا تەنیا 3500 رووفاتیان گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
کاروان یاروەیس دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنی دادپزیشکی بەغدا، پشکنینی DNAـی رووفاتەکان پێویستی بە یەک ملیار و 500 ملیۆن دینارە. گوتیشی، داوایان کردووە، تیمێک لە دادپزیشکی بەغدا سەردانی قەزاکانی چەمچەماڵ، کەلار و کفری، هەروەها ناحیەی رزگاری بکەن، کە گومان دەکرێت رووفاتەکان خەڵکی ئەو ناوچانە بن و لەوێ نموونەی خوێن بۆ پشکینین وەربگرن.