پەیامێک لە شاریقەوە دەگاتە رەنج سەنگاوی

رووداو-هەولێر

هەڵمەتی دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بووەتە خەمێکی گەورەی خەڵکی ئەو ناوچانە. مامۆستایەکی زانکۆی شاریقە لە ئیمارات داوا لە رەنج سەنگاوی دەکات دەنگی ئەو خەڵکە بگەیێنێتە گوێی بەرپرسان لە هەولێر و بەغدا و رەنج سەنگاویش داواکەی قبوڵدەکات.


لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017  و گەڕانەوەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و نەمانی پێشمەرگە لەو ناوچانە، بەگوتەی دانیشتووانەکەی هەڵمەتی تەعریب دەستیپێکردووەتەوە. 



د.شێرکۆ کرمانج، یاریدەدەری پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی شاریقەی ئیمارات نامەیەک لە رێگەی فەیسبووکەوە بۆ رەنج سەنگاوی دەنێرێت سەبارەت بە مەترسییەکانی تەعریب لە گوندەکانی کەندێناوەی شارۆچکەی سەرگەڕان و نووسیویەتی: "جارێکی دیکە ئەو ناوچانە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەعریب. بەپێی ژمارەیەک بەڵگە کە لە دادگاکانی بەغدا و کەرکووک دەرچوون پێدەچێت هەوڵێکی مارەخشکانێ لە گۆڕێدابێت بۆ دووبارە تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە کە هەم لەدێر زەمانەوە کوردنشینن هەم دەوڵەمەندە بە نەوت".

د. شێرکۆ کرمانج داوا لە رەنج سەنگاوی دەکات وەک "خەمخۆرێکی گەل ‌و نیشتمان" بەرنامەیەک بکات بۆ "ناساندنی هەوڵەکان ‌و قەبارە و هەڵمەتەکەی دووبارە تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە و گەیاندنی پەیامی ئەو خەڵکە بەستەزمانە بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق‌ و تەواوی لایەنە بەرپرسەکان ‌و خەڵکی کوردستان". 



رەنج سەنگاوی پێشکێشکاری بەناوبانگی کوردستان و تۆڕی میدیایی رووداو لە وەڵامی داواکارییەکەی د.شێرکۆ کرمانج گوتی: "ئێمە وەکو رووداو سلۆگانەکەمان ئەوەیە هەمیشە و لەهەرکوێیەک بێت پرۆگرامی لەگەڵ رەنج دەکەینە ستۆدیۆیەک بۆ خەڵک و پرۆگرامەکەمان بۆ ئەو کەسانەدەبێت کە مژارەکانیان سوودمەندە بۆ خەڵک".

رەنج سەنگاوی گوتی: "سڵاو و رێزم هەیە بۆ د.شێرکۆ کرمانج و هەموو دانیشتووانی گوندەکانی کەندێناوەی سەر بە شارۆچکەی سەرگەڕان. بەدڵنیاییەوە پرۆگرامەکە جێبەجێ دەکرێت و بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رەنج تایبەت دەبێت بەو هەوڵە مارە خشکێیەی وەک د.کرمانج ئاماژەی پێکردووە بۆ تەعریبکردنی ئەو ناوچانە".

لەبارەی بەرنامەکەوە رەنج سەنگاوی دەڵێت: "هەوڵدەدەین ئەو بەڵگانە بخەینەڕوو کە د.شێرکۆ کرمانج و خەڵکی گوندەکانی کەندێناوە و سەرگەڕان ئامادەیان کردووە یان دەستیانکەوتووە بۆ ئەو هەوڵە ژێربەژێرەی دەیانەوێت ئەو ناوچە کوردستانییە تەعریب بکەنەوە".

دەقی نووسراوەکەی د.شێرکۆ کرمانج بۆ رەنج سەنگاوی

کاک ڕەنج سڵاو

من، شێرکۆ کرمانجم، ویستم نامەیەکت بۆ بنێرم لە مەسینجەرەوە بەڵام بەداخەوە نەمتوانی، نازانم بۆ لە مەسینجەر هاوڕێ نین‌و ناتوانم نامەت بۆ بنوسم. بەداخەوە ژمارە تەلەفۆنەکەشتم نەماوە لەبەر ئەوەی تەلەفۆنەکەم گۆڕیوەو ژمارەیەک تەلەفۆنم ون بوون. 

بەهەرحاڵ ویستم داوایەکت بەناوی خۆم‌و تەواوی خەڵکی ئەو گوندانەی کە لە ناوچەی کەندێناوە لە ناحیەی سەرگەڕان جارێکی دیکە کەوتونەتە بەر شاڵاوی تەعریب. بەپێی ژمارەیەک بەڵگە کە لە دادگاکانی بەغداو کەرکوک دەرچوون پێدەچێت هەوڵێکی مارەخشکانێ لە گۆڕێدابێت بۆ دووبارە تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانە کە هەم لەدێر زەمانەوە کوردنشینن هەم دەوڵەمەندە بە نەوت. من بەڵگەکانم لەلایەو دەتوانم بۆت ڕەوان بکەم. 

داواکەشمان ئەوەیە کە بەرنامەیەک بکەیت بۆ ناساندنی هەوڵەکان‌و قەبارەو هەڵمەتەکەی دووبارە-تەعریبکردنەوەی ئەو ناوچانەو گەیاندنی پەیامی ئەو خەڵکە بەستەزمانە بە سەرۆکی هەرێم‌ نێچیروان بارزانی ‌و سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی‌‌و سەرۆک کۆماری عێراق‌ بەرهەم ساڵح‌ و تەواوی لایەنە بەرپرسەکان‌و خەڵکی کوردستان. 

من پێمباشە کە تۆ لە بەرنامەکە ئەم کەسانە دەعوەت بکەیت بۆ قسەکردن: خالد شوانی (وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری ناوچە دابڕاوەکان) و عارف قوربانی ‌(وەک ڕۆژنامەنوسێک کە گرنگی بە پرسی کەرکوک‌و تەعریب دەدات) لەگەڵ محەمەد حەمەدەمین (کە هەم برامە هەمە دانیشتوی گوندی گابەرەکەیە لە ناحیەی سەرگەڕان کە دووبارە کەوتۆتەوە بەر تەعریب). دیار تۆ ئازادی کێ دەعوەت دەکەیت بەڵام من ئەوانەم پێ باشە. 

ئەگەر بەرنامەکەت لە ڕۆژانی جومعە یان پێنج شەمە تۆمار بکەیت ئەوە من ئامادەم لە ئیمارات لەسەر حیسابی خۆم بێمەوە بۆ بەشداری. بەڵام براکەم، محەمەد هەم قسەکەرێکی باشە هەم زۆر شارەزای پرسەکە و هەوڵەکانی تەعریبکرنەوەکەشە زۆر زۆر بە وردی. 
تکایە وەک خەمخۆرێکی گەل ‌و نیشتیمان داواکەمان بە هەند وەربگرە، با دەنگی ئەو خەڵکە بگاتە گوێی بەرپرسان لە هەولێرو بەغدا. وەک خۆت گوتەنی ببە بە دەنگی بێ دەنگان و دەنگی هەموو ڕەنگەکان. 

یاریدەدەری پرۆفیسۆر شێرکۆ کرمانج
مامۆستای زانکۆ، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
زانکۆی شارقە
ئیمارات