ئاوی بەردەڕەش: نزیکەی 25 بیری ئاو مەترسی وشکبوونیان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئاوی قەزای بەردەڕەش رایگەیاند، نزیکەی 25 بیری ئاو لە سنووری قەزای بەردەڕەش و گوندەکانی، گرفتی کەمئاوییان و بەشێکیان وشکیان کردووە، دەشڵێت، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی 10 پرۆژەی ئاو دراوە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی نەبوونی نەختینەوە راگیراون.
 
رێبەر نازم، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەمساڵ و ساڵی رابردوو نزیکەی 25 بیری ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای بەردەڕەش گرفتیان بۆ دروستبووە و ئاستی ئاوییان زۆر کەمیکردووە بەشێوەیەک 5 بیریان وشکی کردووە. 
 
بەشێک لە دانیشتووانی گوندی کەونەباک، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی گرفتی کەمئاوی لە گوندەکەیان دەکەن و دەڵێت، ئێمە نزیکەی 50 ماڵ لەنێو گوندەکەدا گرفتی کەمئاویمان هەیە بەهۆی وشککردنی یەکێک لە بیرەکانی گوندەکە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش دەڵێت: "کێشەی ئەو گوندە ئەوەیە، بیری گوندەکە وشکی کردووە، ئێستا کاری لێدەکرێت و پرۆژەی ئاوی ئەو گوندە لە سندووقی گەشەپێدان لەلایەن بەغداوە جێبەجێ دەکرێت. تۆڕی ئاو و هەڵکەندنی بیر و رێگەی گوندەکەیە، ئێمە بەشێوەیەکی کاتی لە بیرێکی دیکەوە ئاومان بۆ دابینکردوون."
 
لەبارەی پرۆژەکانی سێکتەری ئاو لە سنووری قەزای بەردەڕەش، رێبەر نازم گوتی، ئێستا دوو جۆر پرۆژە هەن؛ یەکەم: یەکێکیان لەسەر بودجەی وەزارەتی پلاندانان، 10 پرۆژەمان هەبوون بە گوژمەی نزیکەی 660 ملیۆن دینارە. دوو پرۆژەیان جێبەجێکراون (گۆمەزەرد و پەڵاس) کە زیاتر لە 95٪ی کارەکانی تەواو بووە و یەکێکیان تەندەرەکەی بۆ کۆمپانیا دەرچووە، بەڵام حەوت پرۆژەیان بەهۆی گرفتی نەبوونی نەختینەوە راگیراون.
 
جۆری دووەمی پرۆژەکان، بە گوتەی رێبەر نازم، ئەو پرۆژانەن کە سەرۆکی حکومەت لە کاتی سەردانەکەی ئەمساڵی بۆ سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش بڕیاری لێدان، لەوانە هەڵکەندنی نزیکەی 15 بیر بۆ سنووری بەردەڕەش و گوند و ناحیەکانی، ئێستا لە پارێزگای دهۆک بانگەواز بۆ جێبەجێکردنی کراوە.
 
نەبوونی کارەبای بەردەوام یەکێکە لە گرفتەکان بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر هاونیشتمانیاندا. بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش دەڵێت: "لە ناوەندی قەزای بەردەڕەش هەموو بیرەکان بەستراون بە کارەبای نیشتمانیی بەردەوام، لە ناحیەی دارەتوو لەکۆی هەشت بیر، چوار بیریان کارەبای بەردەوامی نیشتمانییان بۆ دابینکراوە و رەزامەندی بۆ دوو بیری دیکەیان دراوە."