دەیان بارهەڵگر بە گەنمەوە لە دهۆک ماونەتەوە و کشتوکاڵ داوای درێژکردنەوەی کاتی وەرگرتن دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، یەک سایلۆی سنوورەکە بە کراوەیی ماوە و ناتوانێت هەموو ئەو گەنمە وەربگرێت کە دەبێت وەربگیرێت.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و وەرگرتنەکە 6ی حوزەیران دەستیپێکرد. بەپێی دابەشکاریی وەرگرتنی گەنم، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 189 هەزار تۆن گەنم 181 هەزار تۆنی وەرگیراوە و 8 هەزار تۆن ماوە. ئێمەش تەنیا سایلۆی شێخانمان بە کراوەیی ماوەتەوە."
 
بەگوێرەی ڤیدیۆیەک کە بۆ رووداو نێردراوە، ئەمڕۆ دەیان بارهەڵگر بە گەنمەوە لەبەردەم سایلۆی شێخان وەستاون. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "ئەستەمە یەک سایلۆ ئەمڕۆ بتوانێت هەموو ئەو گەنمە وەربگرێت؛ بۆیە داوامان کردووە چەند رۆژێک وەرگرتنی گەنم درێژ بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
 
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 6 سایلۆ هەن. هەر ئەمڕۆ نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو بڕەی بۆ سلێمانی دیاریکراوە 273 هەزار تۆنی وەرگیراوە و ئەوەشی ماوەتەوە ئەمڕۆ وەردەگیرێت و کاتەکەی درێژناکرێتەوە."
 
هاوکات بەرپرسێک لە سایلۆی هەولێر بە رووداوی گوت، وەرگرتنی گەنم ئەمڕۆش بەردەوامە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنم دەبێت.
 
لەبارەی مانەوەی ئەو گەنمەی وەرناگیرێت، ئەحمەد جەمیل گوتی، "هەموو جووتیاران 27%ـی بەرهەمەکەیان لێ وەردەگیرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت لە بازاڕی رەشدا ساخی بکەنەوە. بۆنموونە، ئێستا تەنیا لە سێمێل 9 هەزار تۆن گەنم ماوە و عێراق وەری ناگرێت."
 
بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆنە. ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەداتە جووتیاران.
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەم بارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێ سنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.