لە هەولێر زاوایەک هێرش دەکاتە سەر ماڵی خەزووری؛ هاوژینەکەی دەکوژێت و خوشکێکی بریندار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە هەولێر لەدوای تەنیا چوار مانگ لە هاوسەرگیری، شەوی رابردوو بە دەستڕێژی گوللـە هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و هاوژینەکەی کوشت و خوشکێکی بریندار کرد، کە ئێستا ئەویش رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە.
 
رەمەزان عەزیز، خەزووری ئەو گەنجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کچەکەم هاتبووەوە ماڵەوە. زاواکەم لە ماڵی من پێیگوت، وەرەوە ئەگەر نا یان خۆم دەکوژم یان تۆ، دواتر هەوڵمدا لەگەڵ باوکی زاواکەم کێشەکە چارەسەر بکەم، بەڵام هەر ئەوەندەی لە ماڵی ئێمە دەرچوو، چەکێکی پەیدا کرد و دوای ماوەیەکی کەم، نزیکەی 30 گوللـەی لە کچەکانم دا، ئەڤینی کچم کە هاوژینییەتی کوژرا و کچەکەی دیکەشم کە تەمەنی 16 ساڵە، قاچێکی بڕدراوەتەوە و ژیانی لە مەترسیدایە".
 
بەگوتەی رەمەزان، ئەو خێزانە لەکاتی هێرشەکەدا لە کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو (دووشەممە، 19-6-2023)، لە حەوشەی ماڵەوە بوون لە گرووپی ئەندازیاران لە هەولێر.

 

 
باوکی ئەڤین باسی لەوە کرد کچە تەمەن 20 ساڵانەکەی تەنیا چوار مانگ بوو ژیانی هاوژینی لەگەڵ (هەریاد)ـی زاوای پێکهێنابوو. رەمەزان هەروەها دەڵێ زاوا تەمەن 18 ساڵەکەم، بە گوتەی کچەکەم "توڕە و دڵپیس بوو، بۆیە کچەکەم بەمنی گوت، ناچمەوە، دەترسا و هەڕەشەی لێکردبوو".
 
رەمەزان باسی لەوەش کرد، باوکی زاواکەی شەوی رابردوو کوڕەکەی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.
 
دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رەمەزان عەزیز قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و ئاشکرای کرد زاواکەی پیشەی مامەڵەکردن بووە بە چەک، هەروەها گوتی "باوکی هەریادی زاوام تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی بەچەکەوە هات و دەرگا دابخە، بەڵام پێڕانەگەیشتم".. جەختیشی کردەوە لەوەی زاواکە بەتەنیا هێرشی نەکردووە، بەڵکو دوو هاوڕێی دیکەی لەگەڵدا بووە.