پڕۆفیسۆرێکی کەنەدی سەگێک لە هەولێرەوە دەباتە ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2016 لەنێو زبڵ و خاشاکی گەڕەکی گەنجانی هەولێر، بێچووە سەگێک کە دایکی مردبوو، لەلایەن دەیڤید رۆمانۆ، پڕۆفیسۆری کەنەدییەوە هەڵگیرایەوە و ناونرا، "گەنجان."
 
گەنجان لەلای خاوەنە نوێیەکەی کەیف خۆش بوو؛ خاوەنەکەشی دەبوو بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و "گەنجان"ی بەخشی بە هاونیشتمانییەک لە هەولێر، بەڵام هاونیشتمانییەکە نەیتوانی بەخێوی بکات و گەڕاندیەوە بۆلای رۆمانۆ.
 
رۆمانۆ بڕیاریدا پاسپۆرتی بۆ دەربکات و لەگەڵ خۆی بیبات بۆ ئەمریکا. گەنجان بووە بەشێک لە خێزانەکەی رۆمانۆ و بۆ هەر شوێنێک دەچوون دەیانبرد.
 
ئێستا گەنجان لە رێستۆرانتێکی ئۆرگانی لە سپرینگفیڵدی ویلایەتی میزۆری ئەمریکا دەژی. رۆمانۆش ناوبەناو دەچێت سەردانی دەکات.
 
کریس مێڵساپ، خاوەنە نوێیەکەی گەنجان لە ڤیدیۆیەکدا لەگەڵ سەگەکە دەڵێت، "من کریس مێڵساپم و ئەمەش گەنجانە. گەنجان دوو ساڵ پێش ئێستا هات بۆ ئێرە و لەگەڵ ئێمە دەژی و کاری پاسەوانیی ریستۆرانتەکە دەکات. ئەو سەگێکی زۆر ژیرە و زۆر حەز دەکات بەدوای شتدا بڕوات، زۆر هاوکاریمان دەکات و زۆرمان خۆش دەوێت."
 
رۆمانۆ پشکنینی (DNA)ی بۆ سەگەکە کردووە و گەنجان تێکەڵەیەکە لە سەگە بەنێوبانگ و گرانبەهاکانی جیهان.