رێکارەکانی رێگری لە تای خوێنبەربوون تووندتر دەکرێن؛ ئاژەڵێک گومانی لێبکرێت دوو هەفتە کەرەنتین دەکرێت

 
رووداو - سلێمانی

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، کاری بەشێک لە ئاژەڵفرۆشانی قورستر کردووە، چونکە ئەم ماوەیە، پێش کڕین و فرۆشتنی هەر ئاژەڵێک ناچارن پشکنینی بۆ بکەن. بەپێی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و عێراق، یەكێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشییەکە ئاژەڵانن.
 
شەهاب مەولوود، ئاژەڵدار دەڵێت، "من چەندێکە خەریکی ئەم کارەم، تووش نەبووم. یارمەتیی قەسابەکانم داوە و لەگەڵیان بڵندم کردووە و نەویم کردووە، تووش نەبووم. ئاژەڵی لاواز تووشی گەنە دەبێت، بەڵام ئێمە نایەڵێن لاواز ببێت هەر قەڵەوی دەکەین و جۆ و دەرمانی دەدەینێ."
 
لە سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان، پشکنینی پێش و پاش سەربڕین بۆ ئاژەڵان دەکرێت، ئەو ئاژەڵەی گومانی لەسەربێت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، بۆ دوو هەفتە کەرەنتین دەکرێت و داوا لە خاوەنەکەی دەکرێت چەند جارێک بیشوات.
 
نزار جەمیل، پزیشکی ڤێتێرنەری لە دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژانە نزیکی 300 ئاژەڵ دێنە سەربڕخانەی دهۆک پشکنینیان بۆ دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان تای خوێنبەربوونیان نەبووە."
 
رێکارەکانی لیژنە هاوبەشەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان تووندتر کراون بۆ رێگری لە زیاتر تەشەنەسەندی ڤایرۆسەکە. کاروان تایەر، گۆشتفرۆش باس لەوە دەکات، "خەڵک دێت پرسیار دەکات و دەڵێت، خۆ تای خوێنبەربوونی پێوە نییە؟ ئێمەیش بۆی روون دەکەینەوە کە گۆشتەکە پاکە و پشکنینی بۆ کراوە."
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی رێنوێنییە خۆپارێزییەکان و کڕینی دەرمان بۆ تاقیگەی ناوەندی، هاوکاریی کەرتی تەندروستی دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.
 
نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی رایگەیاند، "حاڵەتەکان لە عێراق روو لە هەڵکشانە و تاوەکو ئێستا 67 کەس تووشبوون و زۆرینە مردوون، کە لە 15%ی پشکنینەکان دەکات."
 
دوو ساڵە تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق روو لە هەڵکشانە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیانەوێت پێش جەژنی قوربان کۆنترۆڵی ئەوە بکەن و رێگە نەدرێت لە دەرەوەی سەبڕخانە فەرمییەکان ئاژەڵ سەرببڕدرێت.