زیاتر لە 1500 حاجیی کوردستان گەیشتنە شاری مەدینە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە، زیاتر لە 1500 حاجیی کوردستان گەیشتوونەتە شاری مەدینە و بڕیاریشە سبەی یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەوە بگاتە شاری مەککە.
 
رۆژی دووشەممە 20-06-2022 شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 حاجیی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتوونەتە عەرەبستانی سعودیە، بڕیارە سبەی سێشەممە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەوە بگاتە شاری مەککەی پیرۆز."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئامادەکارییەکی تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە حاجییانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە و تاوەکو ئێستاش توانیویانە بە شێوەیەکی رێکوپێک خزمەتی حاجییان بکەن و هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستانیش سەلامەتن."
 
شێخ نیاز نەقشبەندی ئەوەیشی خستەڕوو، "تاوەکو رۆژی چوارشەممە 22-06-2022 تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەنە عەرەبستانی سعودیە."
 
دوای دوو ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی 17-06-2022 یەکەم گەشتی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە دەستیپێکرد.
 
ئەمساڵ دوو هەزار و 120 زیارەتکار لە هەرێمی کوردستان هەن کە 786 زیارەتکار لە هەولێرن، 658 زیارەتکار لە سلێمانین، 487 زیارەتکار لە دهۆکن، 123 زیارەتکار لە ئیدارەی گەرمیانن و 66 زیارەتکاریش لە هەڵەبجەن.
 
66 هەزار هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان ناویان تۆمارکردووە و لە چاوەڕوانیدان تاوەکو لە تیروپشکێکدا ناوەکانیان دەربچێت و ئەوانیش گەشتی حەج بکەن.
 
بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو بە شێوەی ئەلیکترۆنی ناوی نوێ بۆ گەشتی حەجی ساڵی 2024 تۆماربکرێن.