نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی داوادەکەن پێکەوە رووبەڕووی قەیرانەکان ببنەوە

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا، کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توویتەر رایگەیاند لە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و رووبه‌ڕووبوونه‌وی ئاڵنگارییەکانی قۆناخه‌که‌مان کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چەند دۆسێیەکی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی کوردستان كرا لەگەڵ ئەو بەربەستە هاوبەشانەی رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە لەنێویاندا قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئكید كرایەوە لەسەر گرنگی هاریكاری و یەكڕیزی هەموو لایەك بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكانی ئێستا و كاركردن بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستوور.