بارزانی لەگەڵ سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا كۆبووەوە
رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە (20-6-2019) سەرۆک بارزانی لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا لە سەڵاحەددین کۆبووەوە و باسی بارودۆخی سووریا و رەوشی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد.
لە كۆبوونەوەكەدا سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا كورتەیەكی لە بارودۆخی سیاسیی سووریا، رەوشی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەکان و بەشێك لە كار و چالاكییە سیاسییەكانی حزبەكەیانی بۆ سەرۆك بارزانی شیكردەوە.
هاوکات سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد، چونکە لە سەرەتای دەستپێكردنی قەیرانی سووریا و چوونی داعش و كێشەكانی دیکەی ئەو وڵاتە پاڵپشتی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان بووە، ئەوەیشی بە مایەی ئومێدێكی گەورە لە قەڵەم دا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەشكرد و رۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەكانی لەبارەی ئاییندەی هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان، ئامۆژگاری و رێنوێنیی پێویستی خستەڕوو.
سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا و هاونیشتمانییانی لە رۆژئاوای کوردستان كرد، داوایشی كرد هەمیشە بە ئومێد و ئیرادەیەكی بەهێز بمێننەوە.