مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؛ باسی هەڵبژاردن و کورسیی پێکهاتەکان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و تەوەری کۆبوونەوەکەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەنگدانی پێکهاتەکان لەو هەڵبژاردنەدا دەبێت.

دوێنێ هەینی، 19-5-2023، بەرپرسانی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بەشداریی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگرەکەی و سەرۆکی فراکسیۆنی هەردوولایەنەکە بۆ گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکان لەبارەی هەڵبژاردن کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی گفتوگۆی کۆبوونەوەی دوێنێ کۆدەبێتەوە؛ هەر ئەمڕۆ و بەهەمان ئامانج لە ئاستی باڵادا پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن. بڕیارە هەردوولا سبەی ئەنجامەکەی لە کۆبوونەوەیەکەدا بۆ یەکتر بخەنەڕوو.
 
لە کۆبوونەوەی دوێنێدا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی وەریگرتووە، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا یەکێتی داوای کردووە سێ بۆ چوار کورسیی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردن لە بازنەی دیکەدا بن؛ پارتیش سووربووە لەسەر هەڵوێستی پێشووی و گوتوویەتی، با پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن کە یەک بازنەییان دەوێ یان فرەبازنەیی.
 
سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە و ئەگەر بڕیارێک لەبارەی کورسیی پێکهاتەکانەوە نەدەن، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە ئاستەنگی بۆ دروست دەبێت.
 
بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتی لەسەر چەندین خاڵی ناکۆکی رابردوویان رێککەوتوون، ئەوەی وەکو خاڵی سەرەکی ناکۆکیی نێوانیان ماوەتەوە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە، کە یەکێتی دەڵێت ئەوانیش بە فرەبازنەیی دەنگ بدەن و پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بۆچوونی پێکهاتەکان وەربگیرێت و زۆربەی ئەوانیش لەگەڵ یەک بازنەییدان.
 
بڕیاردان بۆ کۆبوونەوەی سبەی پارتی و یەکێتی دوای ئەوە دێت، دوای ساردوسڕیی چەند مانگەی نێوانیان، رۆژی 16ـی ئایار شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکرا، تەمەنی پەرلەمان بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسوومێک رۆژی 18-11-2023 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریکرد.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختیکردووەتەوە، بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێشوەختە دەبێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە کۆمیسیۆنەکەیان کارابکرێتەوە کە ماوەکەی بەسەرچووە، هەروەها شەش مانگ کاتیان دەوێ بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن.
 
رۆژی 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."