گۆڕان: پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق نەخۆشە
رووداو- هەولێر
بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بە "نەخۆش" وەسفدەکات و بەشداریکردنی گۆڕانیش لە هەڵبژاردنەکان بە "ئەزممونێکی تاڵ" ناودەبات.
ئارام شێخ محەممەد، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداریکرد لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو و سەبارەت بە ئەنجامە راگەیەنراوەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گوتی: "جارێ زووە بزووتنەوەی گۆڕان قسە لەسەر ئەوە بکات بە ئەنجامەکان رازی دەبێت یان نا، چونکە ئێمە فۆرمەکان بەراوردی یەکتر دەکەین کە وەرمانگرتووە لەگەڵ ئەو فۆرمانەی کە لە ناوەندەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی وەرمانگرتووە و لەگەڵ کەرکووک بەراوردی دەکەین".
ئارام هۆکاری (هەڕەشەکردن)ی بزووتنەوەی گۆڕان لە قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەری بوونی ساختەکاری بۆ ئەوە گەڕاندەوە: " ئەو داتا و ئامارانەی لە نوێنەرەکانی خۆمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان کۆمانکردوونەتەوە بڕوامان پێی هەیە و دواتریش کە بەراوردمان کردووە لەگەڵ ئەو فۆرمانەی لە کۆمیسیۆن وەرمانگرتووە راست دەرچووە".
رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو هەڵبژاردنانەی بزووتنەوەکەیان تێیدا بەشداری کردووە بە "ئەزموونێکی تاڵ" وەسفکرد و گوتی: "هەموو کاتێک ئێمە هەڕەشەمان لەسەر بووە و کەوتووینەتە بەردەم ئەو مەترسییەی کە دەستکاری دەنگەکانمان دەکرێ".
گوتیشی: "پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بە گشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پڕۆسەیەکی نەخۆشە، ئەو نەخۆشییەش کاریگەری گەورە دادەنێ، بەوەی کە ناوی زۆری دووبارە، ناوی مردووەکان، ناوی دووبارە لە دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەیە".