کەشناسی: سبەی باران دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، شەپۆلەکە لاوازە و سبەی لە شەودا کۆتایی دێت.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ 20ـی نیسان بڵاوکراوەتەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و شەو دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ خێرایی باش لەسەرخۆ و ئاسایی دەبێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە هەندێک کات و شوێندا نمەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت؛ هەندێکجاریش تاوەباران و هەورە برووسکەش دەبێت، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەقی شەپۆلی بارانبارینی سبەی پارێزگای دهۆک دەبێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەموو ئیدارە سەربەخۆکانیش بارانی ناوبەناو دەبارێت، بەڵام لە هەولێر "زۆر لاوازە و ئەگەری پرووشە بارانی کەم هەیە".
بەگوتەی ئەو کەشناسە، شەپۆلەکە سبەی لە شەودا کۆتایی دێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 3 بۆ 5 پلە دادەبەزێت و بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 28 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 25 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 26 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 29 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 26 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 16 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 31 پلەی سیلیزی