قایمقامی چەمچەماڵ: ئەو گەنجەی کوژراوە لەسەر کڵاوێن نەبووە و بە هەڵە بووە

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، گەنجێک بە هەڵە لەلایەن هاوڕێیەکییەوە کوژراوە و هیچ پەیوەندی بە یاریی کڵاوێنەوە نەبووە.
 
شەوی پێنجشەممە دوو کەس کە هاوڕێی یەکبوون لە قەزای چەمچەماڵ دوای ماوەیەک یاریکردنی کڵاوێن، یەکێکیان بە گولـلە ئەوی دیکە بە سەختی بریندار دەکات و دواتر گیانی لەدەستدەدات. هەواڵەکە بەشێوەیەک بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە بەهۆی یارییەکەوە یەکێکیان کوژراوە.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راستە ئەو دووکەسە یاری کڵاوێنیان کردووە، بەڵام کوشتنەکە پەیوەندی بە یارییەکەوە نەبووە. دوای یارییەکە دەستکاری دەمانچەیان کردووە و بە هەڵە گولـلە بەر یەکێکیان کەوتووە".
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئارام عومەر ئیسماعیلە. قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، هەردوو کەسەکە هاوڕێی یەکدین و "هیچ کێشەیەکی" کۆن و نوێیان نەبووە تاوەکو تەقە لە یەک بکەن.
 
تۆمەتباری رووداوەکە دوای بریندارکردنی هاوڕێکەی، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و بەگوێرەی بڕگەی 31 لە مادەی 405ـی یاسای سزادانی عێراقیی بە بڕیاری دادوەر بەند کراوە.