ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى: بەغدا سیستمێکى رادار دەداتە هەرێمى کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، عێراق سێ سیستمى رادار دەکڕێت بۆ چاودێرى بەزاندنى سنوورى ئاسمانى و یەکێکیان لە هەرێمى کوردستان جێگیر دەکرێت.
 
مەریوان قەرەنى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تائێستا عێراق سیستمى رادارى  نییە بۆ ئاشکراکردنى سنووربەزاندنى ئاسمانى لەلایەن فڕۆکەوە، وەزارەتى بەرگریی عێراق گرێبەستى لەگەڵ فەرەنسا کردووە بۆ کڕینى سێ سیستمى رادارى فڕۆکە کە یەکێیان لە هەرێمى کوردستان جێگیر دەکرێت." 
 
مەریوان قەرەنى گوتیشى: "ئەو سیستمە رادارەى دەدرێتە هەرێمى کوردستان، لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەکرێت، دوو سیستمکەى دیکەش لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەبن." 
 
کڕینى ئەو رادارانە لە ساڵى 2019 بڕیارى لێدرا، لە ساڵى 2021 وردەکارى گرێبەستەکان تەواوکران و پارەى کڕینیان دراوە. مەریوان قەرەنى ئاشکرایکرد کە سێ سیستمەکە گەیشتوونەتە عێراق و جێگیرکردنیان ماوە.