قایمقامی کەلار: نرخی کیلۆیەک گۆشت 18 هەزار دینارە


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای کەلار دەڵێت، بەهۆی سەرپێچیکردن و فرۆشتنی خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا 70 شوێنکار سزادراون و 15 شوێنیش داخراون. دەشڵێت، بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. 
 
شەهاب حاجی ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە رادیۆی رووداوی گوت: "لیژنەی ئەمنی قایمقامیەتی کەلار پلانێکی نۆ خاڵی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان و پشووەکان راگەیاندووە و هەموو هێزە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەکاری تەواوییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە جەژن و پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا." 
 
لەبارەی چاودێرکردنی بازاڕ و ئەگەری ساخکردنەوەی خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو، قایمقامی کەلار دەڵێت: "لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی کەلار و خۆپاراستنی تەندروستی بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی نرخی کاڵا لە بازاڕ و رێگەگرتن لەهەر هەوڵێک بۆ ساخکردنەوەی خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو." 
 
شەهاب حاجی ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی کەلار لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، بەهۆی سەرپێچیکردن و فرۆشتنی خۆراکی خراپ و ماوەبەسەرچوو، 70 شوێنکار سزادراون و 15 شوێنیش داخراون.
 
لە سەرەتای رەمەزانەوە، گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخەکەی گرانبووە، قایمقامی کەلار دەڵێت، "گۆشتی کاوڕ نرخەکەیمان بە 18 هەزار دینار دیاریکردووە و هەر گۆشتفرۆشێکیش سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای دەکەینەوە، ئەوەی ئێستا گران بووە، گۆشتی مریشکە کە کیلۆی بە 4500 دینارە."
 
لە ماوەی رابردوودا، وەک شەهاب حاجی ئەحمەد دەڵێت: خاوەن کێڵگەکانمان ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر نرخی مریشک لە 3500 دینار زیاتر بێت، رێگەنادەین هەناردەی خوارووی عێراق بکرێت و ئێستا رێگەنادەین مریشک بچێت بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق."