ئەنجوومەنی ئاسایش: ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکەی عەینکاوە دەستگیرکرا
رووداو - هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکەی عەینکاوەی راگەیاند.
لە راگەیێندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، هاتووە "دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونی هێزەکانی ئاسایش و هاوکاریی هاووڵاتییان، شەوی رابردوو توانرا ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکەی رۆژی ١٧/٤/٢٠١٥ی شارۆچکەی عەینکاوە دەستگیر بکرێت".
ئەنجوومەنی ئاسایش لەو راگەیێندراوەدا زانیاریی ئەوەی ئاشکراکردووە، کە تەقینەوەکە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بووەو لەرێی ریمۆت کۆنترۆڵەوە تەقێنراوەتەوە. ئاماژە بەوەشدراوە کە لێکۆڵینەوە لە کەسی دەستگیرکراو بەردەوامەو دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان وردەکاریی زیاتر دەخەنەڕوو.
کاژێر 5:40 خولەکی ئێوارەی هەینی 17ی نیسان ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم نێللی کافێ لە شارەدێی عەینکاوە تەقییەوەو بووە هۆی شەهیدبوونی دوو هاونیشتمانی باکووری کوردستان و 8 برینداریشی لێکەوتەوە. رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دوای چەند کاژێرێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
دەقی راگەیێندراوەکە
راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە
هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوونی هێزەکانی ئاسایش و هاوکاریی هاووڵاتییان، شەوی رابردوو توانرا ئەنجامدەری سەرەکیی تەقینەوەکەی رۆژی ١٧/٤/٢٠١٥ی شارۆچکەی عەینکاوە دەستگیر بکرێت. ئەم کردارە تیرۆریستییە کە بوو بە هۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتیی باکوور و بریندار بوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکە، بە هۆی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە کە لە نزیک کافێتێریایەک پارک کرا بوو بە هۆی کۆنترۆڵی لە دوورەوە تەقێندرابوو. لێکۆڵینەوە لە تیرۆریستی دەستگیرکراو بەردەوامە و دوای رێکارە یاساییەکان هاووڵاتییانی خۆشەویستمان لە وردەکاریی زیاتری پەیوەست بەم کردارە تیرۆریستییە ئاگادار دەکەینەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
٢٠/٤/٢٠١٥