رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا، تونجەر باکرهان، پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی خۆیدا بە کوردی قسەی کرد و لە گوتارێکدا گوتی، "دەمانەوێت زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت".
سەرەتای گوتارەکەی بە یادکردنەوەی جگەرخوێن، بابا تاهیر، ئەحمەدی خانێ، فەقێ تەیران، جەلادەت بەدرخان، ئاپێ موسا، محەممەد ئوزون دەستپێکرد.
باکرهان باسی لەو گوشارانە کرد، کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا لەسەر زمانی کوردی هەن و گوتی، "لە ماوەی 100 ساڵدا ئەم وڵاتە بووەتە گۆڕستانی فەرهەنگ و زمان. هەزاران شریت و کتێبی کوردیمان لە ژێر زەویدا نێژرا. گوتەی (بە تورکی قسە بکە، زۆر قسە بکە) لەسەر دیواری زیندانەکان نووسرا و ئێستاش لەسەر دیواری قوتابخانەکان نووسراوە. کورد دژی پاکتاوی وەستایەوە و تا ئەمڕۆش ماوەتەوە."
هاوسەرۆکی دەم پارتی، باسی لە رەوشی زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان لەدوای هاتنەسەر دەسەڵاتی ئاکپارتی کرد و گوتی، "لەو کاتەوەی ئاکپارتی هاتووەتە سەر دەسەڵات تاوەکو ئەمڕۆ هەوڵی دامەزراندنی کوردۆلۆژییەکی ئەڵتەرناتیڤی داوە. بەشی زمانی کوردی لە زانکۆکان کرایەوە. ئەوانەی تەواویان کرد بێکار مانەوە. مامۆستایان دانەمەزران. خولی وانەی هەڵبژاردە دەستیپێکرد، TRT6 کرایەوە. TRT6 لە بەیانییەوە تا ئێوارە سووکایەتی بە زمانەکەمان دەکات".
باکرهان گوتیشی، "ئێمە دژی وانەی بژاردەی زمانی کوردی نین. دوای کودەتای دانانی قەیوومەکان، هێرشەکان بۆ سەر زمانی کوردی زیادیان کرد. رادیۆ و دەزگاکانی چاپ و باخچەی ساوایان داخران. دوای ئەوەی قەیوومەکان دەستیان بەسەر شارەوانییەکانماندا گرت، دەستیان بەسەر سیمبولەکانی زمانی کوردیشدا گرت".
هەروەها باسی لەوە کرد، "ئینستیتیوتی کوردی، لە سەردەمی حکومەتی ئاکپارتی- مەهەپە داخرا. ئێمە دژی وانەی بژاردە نین، بەڵام ئێمە شەرم لەم مشتومڕە لە سەدەی بیستەمدا دەکەین. ئێمە بە روونی دەڵێین بە یەک گوڵ بەهار نایەت. زمان مافێکی سەرەتاییە، دەمانەوێت زمانی کوردی زمانی فەرمی بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ