راپەڕین.. بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە پەلەوەرخانەیەک، 27 هەزار مریشک لەناوچوون
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ژاراوەی سەر بە ئیدارەی راپەڕین ئاگر لە پەلەوەرخانەیەک کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 27 هەزار مریشک لەنێوچوون. خاوەنەکەی دەڵێت: ''زیاتر لە 320 هەزار دۆلار زیانی ماددیمان بەرکەوتووە."
پەلەوەرخانەکە لە گوندی ریشوانی سەر بە شارۆچکەی ژاراوەیە. کامەران محەممەد، خاوەنی پەلەوەرخانەکە بە رووداوی گوت، هۆکاری ئاگرەکە "بەهۆی تەقینی سیستمی گاز بوو" کە بۆ گەرمکردنی پەلەوەرخانەکە بەکاردەهات، ئاگرکەوتنەوە روویدا و زیاتر لە 27 هەزار مریشک لەناوچوون.
لەکۆی ئەو 27 هەزار مریشکە، تەنیا سێ مریشک رزگاریان بووە، ئەوانی دیکە یان سووتاون، یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرکەوە خنکاون.
کامەران محەممەد گوتی، "ئاگرکەوتنەوەکە لە کاتی گۆڕینی موەلیدەدا روویدا. ئێمە لە ئۆفیسەکەدا بووین کە لە ژوورەوە ئاگر هەڵسا. بە سێ یان چوار ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکرا و گەیشتە سەقفی ژوورەکە.''
ئەو مریشکانەی لەنێوچوون ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بفرۆشرێن. خاوەنی پەلەوەرخانەکە گوتی، "نزیکەی 60 رۆژ سەرقاڵی بەخێوکردنی مریشکەکان بووین و کێشیان سەرووی سێ کیلۆ بوو و کاتی فرۆشیان هاتبوو، بەڵام بەهۆی سستبوونی بازاڕ رامانگرتبوون، ئێستا 120 هەزار بۆ 150 هەزار دۆلار لە سووتانی مریشکەکان و زیاتر لە 200 هەزار دۆلار لە سووتانی باڵەخانەی پەلەوەرخانەکە زیانی ماددیمان بەرکەوتووە."
کامەران محەممەد داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە بەهانایانەوە بچن و هاوکارییان بکەن.