دڵشاد شەهاب: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکەی مێردین


رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرسەی ئەو هاونیشتمانییانەی دهۆک کە لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بە دەستڕێژی گولـلە کوژران، پرسەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە و ئاماژە بەوەش دەکات، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا لەسەر هێڵە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی رووداوەکە.
 
رۆژی هەینی، 20-1-2023، دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان قسەی کردووە و سەرەخۆشی لێکردوون، ئەوانیش لە خاوەنداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دۆسێیەکەیان دڵخۆش بوون.
 
دڵشاد شەهاب گوتی: "لە سەرەتای رووداوەکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا لەسەر هێڵ بووە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری رووداوەکە و ئەنجامدەرانی. هەموو چین و توێژەکان بەشدارییان لە پرسەکەدا کردووە، چونکە ئەمە پرسەی هەموو هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە".
 
راوێژکارە باڵاکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "بە دڵنیاییەوە" سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام و بە جیدیی چاودێریی دۆسێیەکە دەکات بۆ ئاشكراکردنی تاوانباران بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت.
 
دڵشاد شەهاب گوتیشی، رووداوەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونیی خەڵك دەبێت و بۆ هەرێمی کوردستان چەندە گرنگ بێت بۆ تورکیاش هێندە گرنگە، چونکە بەردەوام هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هەیە و خەڵک دەیەوێت لە رێگەی هاتووچۆکەی دڵنیا بێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دڵشاد شەهاب جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی حکومەت و پەیوەندییە فەرمییەکانی هەرێمی کوردتسان لەگەڵ تورکیادا لەسەر هێڵ دەبن. گوتیشی: "نابێت پێش رووداوەکان بکەوین. بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی تورکیاش بڕیاریداوە لێپرسینەوەی جیدی بکات. رەنگە سەرەداوی سەرەتاییش دەستکەوتبن، بەڵام هێشتا زووە و ئێمە دەبێت چاوەڕوانی لێکۆڵێنەوەکان بکەین".
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 19-01-2023، لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی دهۆک لە ئۆتۆمبێلێکدا کوژران. بەرەبەیانی رۆژی هەینی تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دوای بەخاکسپارن، لە شاری دهۆک پرسەیان بۆ دانرا.
 
ناسنامەی هاونیشتمانییەکان:  
 
حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا: 69 ساڵ
چیمەن شاهین خالید: 75 ساڵ، هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە
هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح: 39 ساڵ، کچی حاجی عەبدوڵڵایە
واحیدە حەیدەر جاسم: 63 ساڵ
مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم: 45 ساڵ
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، شەش کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە کە بۆ پارە ئەو کارەیان کردووە.