کارگەکانی تەحین لە ئامێدی هەفتانە 80 هەزار دیناریان بۆ پشکنین لێوەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
گرنگترین قۆناخی دروستکردنی تەحین بەر لە برژاندنی پاککردنەوەیەتی، بەڵام کۆمپانیای پشکنینی تەحین تەنیا بۆ پاکوخاوێنی تەحینەکە هەفتانە 80 هەزار لە خاوەن کارگەکان وەردەگرێت.
خاوەن کارگەیەکی دروستکردنی تەحین لەگەڵ پەیامنێری رووداو گلەیی لەو کۆمپانیایانە دەکات کە پشکنین بۆ بەرهەمەکەیان دەکەن.
ئەو دەڵێت، کۆمپانیای پشکنین هاتووەتە کارگەکەیان و 80 هەزار دیناری لێوەرگرتوون و سێ کیلۆ و نیو تەحینیشی بردووە.
بەیار رەشید، خاوەنی کارگەکەیە و دەڵێت، "هەفتەی رابردوو هاتن و 80 هەزار دیناریان لە کوڕەکەم وەرگرت و سێ شوشەی تەحینیشیان برد. گوتیان تەحینەکە دەبەینە پشکنین و دوێنێ شەو تەلەفۆنیان کردووە و دەڵێن وەرن ئەنجامی پشکنینەکانتان وەرگرنەوە، بەڵام ئێمە نەچووینە چونکە رێگەکە دوورە."
لە ئامێدی 27 ئاشی تەحین هەنە و بڕیاربوو کۆمپانیاکە هەفتەی دوو جار پشکنین بۆ ئاشەکان بکات، دوای ئەوەی خاوەن کارگەکان بەدواداچوونیان کرد، بووە هەفتەی جارێک.
سێمان دەشتانی، خاوەن کارگەیە و لەبارەی ئەو باجانەی هەفتانە دەیدا دەڵێت، "بە ئێمەیان گوتووە هەفتانە دێین چوار شوشە تەحین و 80 هەزارتان لێوەردەگرین. ئێمەش پێمانگوتن بەخوا ناتوانین، ئەوە بدەین، پارەی کارەبا بدەین، دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدەین، چاودێریی بدەین، پارەی مۆڵەت بدەین. پێمان گوتن ئێمە ناتوانین ئاوا کار بکەین و پارەی رەنجی خۆمان بەدەستبهێنینەوە. دوای سێ رۆژ چووینە لای قائیمقام و جارێکی دیکە هاتنەوە و گوتیان ئەم جارە 80 هەزار و کیلۆ و نیوێک تەحین وەردەگرین".
بەرهەمی ساڵانەی تەحین لە ئامێدی دەگاتە 10 هەزار تۆن. واتە وەرگرتنی 80 هەزاری مانگانە و کیلۆ و نیوێک تەحین، داهاتی مانگانەی کۆمپانیاکە دەبێتە دوو ملیۆن و 565 هەزار دینار.