لە هەولێر و مەخموور پلانی چاندنی ملیۆنێک و 700 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە و سنووری دیبەگە، مەخموور و گوێڕ پلانی چاندنی زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە دانەوێڵە هەیە.
 
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بارانی زیاتر لە ساڵی رابردوو باریوە، جووتیاران زیاتر روودەکەنە چاندن و ئەوانەشی لە دوو ساڵی رابردوودا زەوییەکانیان نەکێڵابوو، ئەمساڵ رەنگە بگەڕێنەوە بۆ چاندن." 
 
پلانی چاندنی یەک ملیۆن و 748 هەزار و 27 دۆنم سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە. هێمن سەید موراد باسی لەوەکرد، ناوچەکانی گوێڕ، دیبەگە و مەخموور دەگرێتەوە کە زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێر دەبێت بە ملیۆنێک و 75 هەزار و 27 دۆنم زەوی. 
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر، ساڵی رابردوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی گوێڕ، دیبەگە و مەخموور نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی چێندرابوون. 
 
ئەو زەویانەی پلانی چاندنیان بۆ ئەمساڵ تێدا دانراوە، زۆرینەیان بە گەنم و جۆ دەچێندرێن، بەشێکیشیان بە گەنمەشامی و بەرهەمەکانی دیکە دەچێندرێن.
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر کە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو بە هەمان رێککەوت بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
 
هەولێر: ئەمساڵ 59.9 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 30.8 ملیمەتر
عەنکاوە: ئەمساڵ 62.3 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 23 ملیمەتر
قوشتەپە: ئەمساڵ 59.7 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 30.1 ملیمەتر
بنەسڵاوە: ئەمساڵ 61 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 23.5 ملیمەتر
شۆڕش: ئەمساڵ 96.8 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 13.6 ملیمەتر
شەقڵاوە: ئەمساڵ 138.8 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 74.3 ملیمەتر
بالیسان: ئەمساڵ 191.8، ساڵی رابردوو تۆمار نەکراوە
هەریر: ئەمساڵ 104.7 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 59.8 ملیمەتر
مەخموور: ئەمساڵ 23.2 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 4.8 ملیمەتر
دیبەگە: ئەمساڵ 30.1 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 8.9 ملیمەتر
گوێڕ: ئەمساڵ 30 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 16.8 ملیمەتر
کۆیە: ئەمساڵ 156 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 30.5 ملیمەتر
تەقتەق: ئەمساڵ 160.8 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 79.6 ملیمەتر
شەمامک: ئەمساڵ 62.4 ملیمەتر، ساڵی رابردوو 17.3 ملیمەتر