رێگەی کۆیە - تەقتەق دادەخرێت


رووداو - هەولێر 

 

بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی تەقتەق ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە لەئێوارەی ئەمڕۆوە کار لە نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە ــ تەقتەق دەستپێدەکات و هاتووچۆ لە رێگەکە دەوەستێت.
 
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوبەرایەتیی شارۆچکەی تەقتەق ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاژێر 04:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ رێگەی تەقتەق - کۆیە بەتەواوی  بۆ ماوەیەکی کورت دادەخرێت، تاوەکو کاری نۆژەنکردنەوەی رێگەکە بە باشی و کەمترین ماوە تەواوبکرێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی تەقتەق داواش لە شۆفێران دەکات هاوکاریان بن و بۆ ئەو ماوەیە دەتوانن رێگەی شیواشۆک یان رێگەی شارۆچکەی ئاشتی بەکاربهێنن.
 
نۆژەنکردنەوەی رێگە و شەقامەکان و فراوانکردنیان یەکێکە لە بەرنامەکانی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەمیانی کردنەوەی قۆناخی سێیەمی شەقامی 120 مەتریی هەولێر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هیوادارین بتوانین لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆڕێکی رێگەوبانی فراوان دروستبکەین کە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەربگرن.