شەش قوتابیی کورد لە ئیتاڵیا بەشداری لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی زمانی ئینگلیزیدا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شەش قوتابیی کورد بەشداری لە پێشبڕکێی تین ئیگڵدا دەکەن؛ قوتابییەکان پێشتر تاقیکردنەوەی زمانیان بە ئۆنلاین کردووە و ئێستا بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی لە ئیتاڵیان و بڕیارە لەم دوو رۆژەدا تاقیکردنەوەکە بکەن.
 
حەسەن لوقمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتیی شاهان و سەرپەرشتیاری قوتابییە کوردەکانی بەشداربووی ئەو پێشبڕکێیە لە رۆمای ئیتاڵیاوە بە رووداوی گوت، "چوار قوتابی لە هەولێر و دوو قوتابی لە سلێمانییەوە هاتوونەتە رۆما؛ ئەوان تاقیکردنەوە دەکەن، رۆمان و فیلمێکیان پێدراوە و لەسەر ئەو رۆمان و فیلمە، تاقیکردنەوەی راستەوخۆیان پێدەکرێت." گوتیشی، "لەسەر ئاستی 20 وڵات، قوتابی لە پێشبڕکێی کۆتایی پڕۆگرامی Teen Eagle بەشدارن."
 
حەسەن لوقمان رایدەگەیەنێت، "بەشێکی قوتابییەکان پلەی باشیان بەدەستهێناوە لەو تاقیکردنەوەیەی کە پێشتر بە ئۆنلاین کراوە."
 
هاوکات بارین سەیفی، یەکێک لە قوتابییە بەشداربووەکانی پێشبڕکێکە بە رووداوی گوت، "دوو هەفتە پێش تاقیکردنەوەکە بەردەوام دەمخوێند و خۆمم بۆی ئامادە دەکرد، تاوەکو توانیم نمرەیەکی باش لە تاقیکردنەوەی ئۆنلایندا بەدەستبهێنم." گوتیشی، "متمانەمان بە خۆمان هەیە و دەربڕینی وشەی ئینگلیزی بە بەریتانی و ئەمریکی دەزانین."
 
چاوان حوسێن، یەکێکی دیکە لە قوتابییەکان، لەبارەی تاقیکردنەوەی کۆتایی گوتی، "خۆم ئامادە کردووە؛ بەناوی کوردستان و بە ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلی کوردییەوە بەشداری دەکەین."
 
سەرپەرشتیارانی ئەم پێشبڕکێیە هەر ساڵێک قۆناخی کۆتایی تاقیکردنەوەکە دەبەنە وڵاتێک. ئەمساڵ لە ئیتاڵیا تاقیکردنەوەی کۆتایی تین ئیگڵ بەڕێوەدەچێت.
 
حەسەن لوقمان دەڵێت، "هەندێک پێوەر دانراون بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە و لەگەڵیانم و هەوڵم داوە ورەیان بەرزبێت و ئامادەبن"؛ گوتیشی، "بەشێکی قوتابییە بەشداربووەکان کە زمانی دایکیان ئینگلیزییە، رەنگە کێبڕکێکردن لەگەڵیان سەخت بێت، بەڵام قوتابییەکانمان بەتوانان و هیوادارین ئەنجامی باش بەدەستبهێنن."
 
لەبارەی براوەی ئەو پێشبڕکێیە و خەڵاتەکانیان، حەسەن لوقمان گوتی، "بردنەوەی پێشبڕکێکە دەبێتە دەستکەوت و ئەزموونێکی گرنگ بۆیان و پردێکی پەیوەندیشە بۆ ناسینی کولتوورەکانی جیهان و قوتابییە بەشداربووەکان."
 
پێشبڕکێکە بۆ قوتابییان لە پۆلەکانی 5 تاوەکو 12 دەبێت.