سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی: لە 2014وە وەزارەتی پەروەردە پێداویستیی وەرزشیی بۆ قوتابخانەکان دابین نەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم گرنگی بە وەرزش دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، "لە ساڵی 2014وە هیچ پێداویستییەکی وەرزشی بۆ قوتابخانەکان دابین نەکراوە." مامۆستایەکیش داوا دەکات بایەخی زیاتر بە وەرزش بدرێت، چونکە وەرزش گوڕوتین بە قوتابییان دەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی گرنگی بە وانەکانیان بدەن و قوتابخانەیان خۆشبووێت.
 
محەممەد سادق، مامۆستایەکی وەرزشە لە یەکێک لە قوتابخانە تایبەتەکانی هەولێر. ئەو مامۆستایە بە محەممەد کارێزی، پەیامنێری وەرزشیی رووداوی راگەیاند، "ئێمە لە قوتابخانەکەمان ساڵانە پاڵەوانێتیی وەرزشی رێکدەخەین و خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکەین. لەو رێگەیەوە بەهرەی قوتابییان دەدۆزینەوە."
 
 
ئەو مامۆستایە ئاماژە بەوە دەکات، "نابێت وانەی وەرزش لە قوتابخانەکاندا فەرامۆش بکرێت، چونکە وەرزش گوڕوتین دەداتە قوتابییان."
 
لەبارەی گرنگیدان بە وانەی وەرزش لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، فەتحی عەباس، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وەرزشی دەڵێت، "لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان گرنگی بە وەرزش نەدراوە؛ قوتابخانەکان پێداویستیی وەرزشییان نییە و 80%ی قوتابخانەکان گۆڕەپانی یاریکردنیان نییە؛ دواناوەندی هەیە لە هەولێر قوتابییەکانی لەسەر کۆنکرێت یاری دەکەن." گوتیشی، "قوتابیان حەزیان بە وانەی وەرزشە، بەڵام زۆرجار وانەی وەرزش یان دەبردرێتە دوایین وانە یان دراوەتە مامۆستای دیکە، کە لە پسپۆڕایەتیی ئەودا نییە؛ هۆکارەکەش بایەخنەدانە بە وانەی وەرزش لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی چالاکیی وەرزشییەوە."
 
ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە دەشڵێت، "لە ساڵی 2014وە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هیچ پێداویستییەکی وەرزشی بۆ قوتابخانەکان دابین نەکراوە. ئەوەی دابین دەکرێت لەسەر پارەی فرۆشگەی قوتابخانەکانە و زۆرجاریش بەڕێوەبەری قوتابخانەکان پارەکە نادەن و کێشە بۆ مامۆستایانی وەرزش دروست دەکەن."
 
 
بە گوتەی فەتحی عەباس، "مامۆستای وەرزش کەمە. هاوکات مامۆستایانی دیکە بۆ پشوودان وانەی وەرزش وەردەگرن، قوتابیان دەبەنە دەرەوە و خۆشیان دادەنیشن، واتە بۆئەوەی پشوو بدەن وانەکە وەردەگرن، نەوەک لەپێناو ئەوەی وانەکە بڵێنەوە و سوود بە قوتابییان بگەیێنن."
 
ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت، "وانەی وەرزش کاریگەریی گەورەی لەسەر دەروونی قوتابی هەیە و بە تاسەوە منداڵان دەیانەوێت وانەکە بخوێنن و چالاکیی وەرزشی بکەن، بە پێچەوانەوە فەرامۆشکردنی وانەکە قوتابیان سارد دەکاتەوە."