حکومەتی هەرێمی کوردستان: چەک بە قاچاخ نەنێردراوەتە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە چەک لە خاکەکەیەوە نێردرابێتە ئێران و دەڵێت، "رێگەنادەین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە تێکبدرێت."
رۆژی شەممە 19-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "چەند ماڵپەڕێکی هەواڵی ئێران، هەواڵێکیان لەسەر زاری جۆن بۆڵتن، [راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئهمریكا] کە ئێستا هیچ پۆستێکی حکومی و فەرمی لە ئەمریکا نییە بڵاوکردووەتەوە کە گوایە چەک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ هەناردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک رێگەمان نەداوە و رێگەش نادەین ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە تێکبدرێت و "ئەم جۆرە هەواڵانە دوورن لە راستیەوە."
لە ماوەی رابردوودا ئێران گوتبووی، لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە "کار بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران" کراوە کە تێیدا مەبەستیان لێی حیزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانە و ئەوانیان تۆمەتبارکرد. هەروەها تاران داوای لە هەولێر و بەغدا کرد رێگە لەوە بگرن.
رۆژی 14-11-2022، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێکی رانەگەیێندراوی دوو رۆژە گەیشتە بەغدا و بابەتێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانیشی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
دوو بەرپرسی شيعە، دوو بەرپرسی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و بەرپرسێکی باڵای کورد کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئەمریکییان گوت، قائانی لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران کۆبووەتەوە و پێی گوتوون، ئێران دوو مەرجی هەیە و ئەگەر جێبەجێیان نەکەن، هێرشی زەوینی دەکاتەسەر هەرێمی کوردستان.
دوو مەرجەکەی ئێران
یەکەم: پێویستە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەکبکرێن.
دووەم: پێویستە سوپای عێراق لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە سنووربەزاندنی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات.
ئێران پارتە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هاندانی خۆپێشاندەرانی دژی حکومەت و ناردنی چەک بۆ نێو رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری بۆ ئەو بانگەشانەی نەخستووەتەڕوو.
تاران لە ماوەی رابردوودا چەندین جار هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکە و بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە.
دوایین سەردانی قائانی بۆ بەغدا لە هەمان ئەو رۆژەدا بوو کە ئێران دوایین هێرشی خۆی بۆسەر بنکە و بارەگای پارتە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز ئەنجامدا کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم دوو کەس.
ئەگەرچی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دان بەوەدا دەنێن کە پەیوەندیی قووڵیان لەگەڵ هاونیشتمانییان لە شارە کوردستانییەکانی رۆژهەڵات هەیە، بەڵام رەتیدەکەنەوە هیچ چەکێکیان بۆ خۆپێشاندەران ناردبێت.