پارێزگاری هەڵەبجە: فرسەت سۆفی بووە قوربانیی دڵسۆزییەکەی
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: فرسەت سۆفی، لە دڵسۆزیی بۆ کارەکەی و لە ئەنجامی سەردان و بەسەرکردنەوەی شەقام و گوند و نەخۆشخانەکان تووشی کۆرۆنا بوو و بووە قوربانی.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵکردنی رووداو لە رێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی فرسەت سۆفی گوتی: "فرسەت سۆفی کەسێکی وریا و خاکی بوو، پێشتر پەیوەندی مەعریفی و رۆشنبیریمان هەبوو، چەند ساڵێک بەر لەئێستا دوو لیژنە هەبوو بۆ پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی نێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرا، ئێمە بڕیاردەری هەردوولا بووین، بەردەوام هەوڵی ئاشتەوایی و دیالۆگ و لێکنزیکبوونەوەی دەدا".
پارێزگاری هەڵەبجە، فرسەت سۆفی بە کەسێکی "دڵسۆز" وەسفدەکات و دەڵێت: "لەو ماوەشی کە پارێزگاربووین زۆر دڵسۆزی کورد و هەولێرییەکان بوو، کەسێکی دڵسۆز و دەم بە پێکەنین بوو".
ئازاد تۆفیق پێیوایە فرسەت سۆفی لە ئەنجامی دڵسۆزیی بۆ کارەکەی و لە ئەنجامی سەردان و بەسەرکردنەوەی شەقام و گوند و نەخۆشخانەکان تووشی کۆرۆنا بوو و بووە قوربانی، خەمخۆربوو لەسەر خۆپارێزی و رانەگرتنی ژیانی خەڵک.
پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی: "ئەگەر ئێمە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا ماسکمان بەستبا، فرسەت سۆفی هەر لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزی ماسکی دەبەست، زۆر پابەندبوو بە خۆپارێزی".
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، کە 19-10-2020 تووشی کۆرۆنا بوو، شەوی 18-11-2020 لە نەخۆشخانەی میمۆریاڵ لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەنقەرە کۆچی دواییکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممەش بە رێوڕەسمێکی شایستە لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.