پارێزگای هەولێر: کارمەند و کرێکارانی کەرتى تایبەت 2 کاژێر مۆڵەتیان هەیە بڕۆن دەنگ بدەن
رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکشەممە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. پارێزگای هەولێر دەڵێت، کارمەند و کرێکارانی کەرتى تایبەت 2 کاژێر مۆڵەتیان هەیە بڕۆن دەنگ بدەن.
ئەمڕۆ شەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2024، پارێزگای هەولێر لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە: "خاوەن کار و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئاگادار دەکەینەوە کە سبەى 2024.10.20 لەماوەى دیاریکراوى بەڕێوەچوونى پرۆسەى دەنگدانى گشتیى ماوەى 2 کاتژمێر مۆڵەت بدەن بە کارمەند و کرێکاران تاوەکو لەو مافەى خۆیان بێبەشن نەبن و بەشداربن لەو پڕۆسە دیموکراسییە و دەنگ بدەن."
سەرچاوەیەک لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرجەم رێگەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر کراوە دەبن و هاتووچۆى هاووڵاتییانیش بە ئۆتۆمبێل لەنێوان شار و شارۆچکەکان ئاساییە و رێگە پێدراوە".
پارێزگای هەولێر دەڵێت: "ئاگاداری سەرجەم کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیاکان دەکەینەوە هەر خاوەن کار و کۆمپانیاییەک رێگەی پێنەدان کە بڕۆن دەنگبدەن، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنەوە بکەن (07504630101).
دوێنێ 18ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو.