بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی: تەحین و سێوی بەرواری باڵا هەناردەی دەرەوە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی کونجی و برنج لە سنوورەکەیان زیادبووە، هەروەها دەڵێت، ئەم ساڵ خواست لەسەر تەحین زیادبووە و نرخەکەیشی گرانبووە". خاوەن ئاشێکی تەحینیش داوا دەکات حکومەت گومرگی سەر هەناردەکردنی تەحین و کرێی کارەبا لەسەر ئاشەکانی تەحین کەمبکاتەوە.
هەکار حەمید ئامێدی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی لە کاتی بەشداریکردنی لە نۆڕۆژی رووداو، کە لە ئامێدی لەلایەن زانا کایانی و نالین حەسەن پێشکێش کرا، رایگەیاند، ئەم ساڵ بەهۆی سەرمای مانگی ئادارەوە هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی لە سنوورەکەیان کەمبوونەتەوە لەنێویاندا "خۆخ و هەڵووژە"، بەڵام لە بەرامبەردا هەندێک بەرهەمی دیکە زیادبوون، وەکو "کونجی و برنج کە ئەم ساڵ جووتیاران زیاتر روویان تێکردووە، هەروەها جووتیاران روویانکردووەتە چاندن لە خانووی پلاستیکی، ئێستا 45 خانووی پلاستیکی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە هەن".
تەحین یەکێکە لە بەرهەمە هەرە بەنێوبانگەکانی ئامێدی، نزیکەی 30 ئاشی تەحین هەن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی دەڵێت، "بەرهەمی تەحین ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێت، ئەمساڵ نرخەکەی گرانبووە، چونکە خواستی زۆری لەسەرە، ئەمساڵ دەستپێکە و تازە دەست بە بەرهەمهێنانی دەکرێت، تەحینی ئامێدی هەناردەی چەندین وڵات کراوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 150 تۆن تەحین هەناردە کراوە."
قەزای ئامێدی بە چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی و خۆماڵی بەنێوبانگە لەوانە تەحین، برنج و سێو.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی پێیوایە، کێشەی جووتیاران بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیانە، بەڵام حکومەت هاوکاریی جووتیاران دەکات بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان، پەتاتە هەناردە کراوە و بڕیارە ئەم ساڵ سێوی بەرواری باڵاش هەناردە بکرێت، کۆمپانیایەک سێوەکان دەکڕێتەوە و هەناردەیان دەکات."
لەبارەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی تەحینیش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئامێدی گوتی، "لە فێستیڤاڵەکەدا کەسایەتی و کۆمپانیا بیانییەکانیش بانگهێشتکراون، تاوەکو بەرهەمەکە زیاتر بناسرێت و رێگەی بە بازاڕکردنی زیاتری بۆ بدۆزرێتەوە."
سڵێمان دەشتانی، کە خاوەن ئاشێکی تەحینە لە ئامێدی و 24 ساڵە لەسەر کارەکەی بەردەوامە، لە بەرنامەی نوورۆژی رووداو گوتی، "بەرهەمی ئەم ساڵی تەحین باشە و بڕیارە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو هەناردەی بکەین."
ئەو خاوەن ئاشەی تەحین داواکارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکات، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر سوود لە بەرهەمەکەیان وەربگرن و گوتی، "ئەگەر گومرگمان لەسەر کەمبکرێتەوە، دەتوانین تەحینی زیاتر هەناردە بکەین و قازانجی زیاتریشی بۆ ئێمە دەبێت، هەروەها کرێی کارەبا زۆر لەسەرمان دەوەستێت و داواکارین کەمبکرێتەوە."