وردەکاریی تەقینەوەی "تۆڕێکی مین" بە هێزەکانی کۆماندۆدا


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە هێزەکانی کۆماندۆ بەسەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسوێنێک چونە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام "تۆڕێکی مین" بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە.
 
رۆژی 19-10-2022 لە نزیک گوندی قوم پەڵکە لە کفری بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بە هێزەکانی کۆماندۆدا ئەندامێکی هێزەکە شەهید بوو و فەرماندە و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار بوون. 
 
ناوچەکە چۆڵەوانییە و هاتووچۆی تێدا نییە، مەگەر جار جارە شوانێک یان ماتۆڕسوارێک پێیدا تێپەرێت. هێزەکانی کۆماندۆش بەمەبەستی کێوماڵکردنی چەکدارانی داعش لەو شوێنە بوون کە لەکاتی گەڕانەوەیان تۆڕێک مین بە هێزەکاندا تەقییەوە.
 
حەیدەر گلی، شوانێکە لەو ناوچەیە و ئاگاداری کۆماندۆی کوردستان بووە دەڵێت، "بەیانی بوو هاتن دوو هێلیکۆپتەریان لەگەڵ بوو، هەندێک تەقەیان کرد دواتر دەنگی تەقینەوەیەک هات و ئیدی برینداریان هەبوو و یەکێکیشیان گیانی لەدەستدا."
 
ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە بە بە هێلیکۆپتەرەکانی کۆماندۆ و دژە تیرۆر لە گەرمیانەوە گەیێندرایە سلێمانی و نەشتەرگەری بۆ کرا.
 
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەکەی 70ـی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 9:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ لە کاتی ئۆپەراسیۆنێک دژی داعش، "تۆڕێکی مین بە هێزەکانی کۆماندۆدا تەقیونەتەوە." 
 
شایەتحاڵێک لە نەخۆشخانەکە دەڵێت، "ئەوەندەی من ئاگادار بم کاژێر 12 بۆ 12:30 بوو ئەو بەڕێز ئاکام عومەرەیان هێنا، بارودۆخی خراپ بوو، چونکە مل و شان دڵ سکی بریندار بوو خوێنێکی زۆری لێ رۆشتبوو، لە کاژێر یەک بۆ 5ـی ئێوارە لە ژووری نەشتەرگەری بوو، چوار پێنج نەشتەرگەری بۆ کراوە."
 
نەقیب زوهێر محەممەد، ئەفسەر لە هێزەکانی کۆماندۆ ئەو پێشمەرگەیە کە بەهۆی سەختیی برینەکەوەیە هەر لە گەرمیان گیانی لەدەستدا، بڕیارە رۆژی 20 ئۆکتۆبەر لە رێوڕەسمێکدا بگەڕێندرێتەوە کەرکووک، ئەو شارەی لێی دەژی و رادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە و بەخاکبسپێردرێت.