هۆشیار زێباری: یەکێتی تا دوا سات دژایەتیی لەتیف رەشیدی کرد

18-10-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی لەتیف رەشید بە سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، بووەتە سەرۆککۆمار لەکاتێکدا حیزبەکەی و سەرکردەکانی تا دوایین ساتەکان دژایەتییان کرد. دەشڵێت، نوێنەری عێراق لە پەرلەمانی عەرەبی دژی بڕیارێک دەنگیدا کە دژی پێشێلکارییەکانی تورکیا و ئێرانن بۆسەر عێراق.
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی چەند پرسێکی عێراقەوە لە دوو خاڵدا بە ناونیشتانی "عێراق بووەتە وڵاتێکی سەیروسەمەرە" بۆچوونەکانی دەربڕی و گوتی، "سەرۆککۆمار پۆستەکە بەدەستدەهێنێت و حیزبەکەی و سەرکردەکانی تا دوایین ساتەکان دژایەتییان کرد و، بە دەنگی فراکسیۆنەکانی دیکە پۆستەکەی بەدەستهێنا."
 
ئەو قسانەی زێباری لە کاتێکدا دێت، رۆژی پێنجشەممە، 13-10-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆککۆماری هەڵبژارد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەرهەم ساڵحی وەکو بەربژێری فەرمیی خۆی ناساند، نەیتوانی سەریبخات، هەرچەندە پەرلەمانتارانی ئەو فراکسیۆنە دەنگیان بە لەتیف رەشید کە یەکێتییە نەدا، بەڵام توانی ببێتە سەرۆککۆمار، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە بەرژەوەندیی لەتیف رەشید دەنگی دابوو.
 
لەبارەی خاڵی دووەمیشەوە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "پەرلەمانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی سازکرد بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە دژی پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر خاکی عێراق، نوێنەری عێراق دژی پڕۆژەبڕیارەکە وەستایەوە و دەنگیدا."
 
رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2022، ئێران لە رێگەی هێرشی مووشەکی بالیستی و درۆنی مێنڕێژکراوەوە هێرشی کردە سەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێ ناوچەی هەرێمی کوردستان و بەهۆیانەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەس برینداربوون. هێرشەکە رووبەڕووی رەخنەی تووندی وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا بوویەوە، پەرلەمانی عەرەبیش هێرشەکانی ئێران و تورکیای سەرکۆنە کرد، دواتر بڵاوکرایەوە یەکێک لە نوێنەرانی عێراق لە پەرلەمانەکە کە حەنان فەتلاوییە لە دژی سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا دەنگیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە