پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر: یەکەم بارانی پاییز رێگەخۆشکەر بوو بۆ رووداوێکی هاتووچۆ

رووداو - هەولێر

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری هەولێر، سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ خۆیان بەیەکدیدا کێشا، لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێ "یەکەم بارانی پاییزی ئەمساڵ، کە ئەمڕۆ باری، رێگەخۆشکەر بووە بۆ رووداوەکە".

فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند "رووداوەکە کاژێر 08:45ـی بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 19-10-2019) له‌سه‌ر ریگەی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر خه‌بات له‌نزیك كانی قرژاڵه‌ روویداوە. سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی جۆری ئۆپڵ خۆیان بەیەکدیدا کێشاوە و لەئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا، شەش کەسی دیکەش بریندار بوون".

گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر چۆنییەتی رووداوەکە بەمشێوەیە باس دەکات "هۆكاری رووداوه‌كه‌ بۆ تیژڕۆیی یه‌كێك له ‌ئۆپڵه‌كان دەگەڕێتەوە، کە لە ‌هه‌ولێر به‌ره‌وه‌ خه‌بات رۆیشتووە، ‌ئه‌م تیژڕۆییه‌ش له‌گه‌ڵ ته‌ڕبوونی رووی شه‌قامه‌كه‌ به ‌ئاوی یه‌كه‌مین بارانی پاییز، هۆكاربوون بۆ كۆنترۆڵ له‌ده‌ستدانی ئۆپڵه‌كه‌ و ‌ده‌رچوونی له‌ڕێڕه‌وی خۆی و ‌چوونی بۆ رێڕه‌وەکەی دیکەی شەقامەکە، كه ‌ئێستا شەقامەکە له‌ژێر نۆژه‌نكردنه‌وەدایە".

رووداوەکە هەر ئەوەندە نەبووە، بەگوتەی فازڵ حاجی "‌له‌دوای چوونی ئۆپڵەکە بۆ رێڕه‌وه‌كه‌ی دیکە، له‌وێ خۆی كیشاوە به‌ ئۆپڵێكی دیکەی رەنگ ماڕۆنی و، له‌دوای ئه‌م پێكدادانه‌شدا ئۆپڵێكی دیکەی ره‌نگ سیلڤه‌ر هاتووە و خۆی به ‌هه‌ردوو ئۆتۆمبێلەکەدا کێشاوە".
 
ئەمڕۆ نمە باران لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان باری و بەگوتەی ئەژی چەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی ‌و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستا "سبەی (یەكشەممە) بارانبارین زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكان". 

بۆیه‌ فازڵ حاجی دەڵێ "ئێمه‌ رێنمایی شۆفێرانی بەڕێز ده‌كه‌ین له‌م چه‌ند رۆژه‌دا زیاتر هۆشیار بن و پابه‌ندی یاسا و رینماییه‌كان بن و ‌لێخوڕین به ‌تیژڕۆیی نه‌كه‌ن، چونكه‌ رووی شه‌قامه‌كان له‌كاتی یه‌كه‌مین باراندا وه‌كو سابوونیان لێ دێت و ئۆتۆمبێلەکان بە ئاسانی کۆنترۆڵیان لەسەریان نامێنێت".