لە سلێمانی بەهۆی شەڕەتەقەوە دوو کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر شەقامی 60 مەتریی شاری سلێمانی شەڕەتەقە دروست بووە و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
 
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی تەقەکردن لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود - شەست مەتری روویداوە و لە نزیک گەڕەکی چوارچرا بووە. 
 
لەبارەی بریندارەکانەوە، پەیامنێری رووداو گوتی، یەکێکیان فیشەکی بەر قاچی کەوتووە، ئەوی دیکەیان فیشەکی بەر سەری کەوتووە. 
 
پەیوەندی بە فریاکەوتنی خێرای سلێمانییەوە کراوە، بەڵام کاتێک چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بریندارەکان لەوێ نەماون و براونەتە نەخۆشخانە و لەوێ چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی فیشەکی بەر قاچی کەوتووە، رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە، ئەوەشی کە فیشەک بەر سەری کەوتووە، لەژێر چاودێریی چڕدایە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
 
هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا ئەوەی دەزانرێت، ئەوەیە کە هەردوو بریندارەکە عەرەبن و خەڵکی بەغدان.