لەژێر چەند کەپرێکدا جووتیارانی پێنجوێن بەرهەمەکانیان ساخدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەڕێگەی دروستکردنی ژمارەیەک کەپرەوە، عەلوەیەکی کاتیی بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی کراوەتەوە، عەلوەکە رێگەی دووری بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ جووتیارانی پێنجوێن نزیک کردووەتەوە، راستەوخۆ بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن.
فاتيح رەحيم، کاسبکارە و خاوەنی یەکێک لە کەپرەکانی عەلوەکەیە بە رووداوی گوت: "ئەم کەپرانە 10 بۆ 12 ساڵە هەن، هەرچەندە سەرەتا فراوان نەبوون و کەپری بچووک بوون، بەڵام ئێستا کەپرەکان فراوانن موشتەریی زياترمان هەيە و رسقی پێنجوێن لێرە ساخدەکرێتەوە."
هيوا حەمە عەبدوڵڵا، یەکێکی دیکەیە لە کاسبکارانی عەلوەکە دەڵێت: "ئەم کەپرانە بوونەتە هەلی کار بۆ هەموو[هاونیشتمانییانی] کوردستان و لە عەلوەکە کاردەکەن، لە کەلارەوە بگرە تاوەکو هەڵەبجەی شەهيد و خانەقين و رۆژهەڵاتی کوردستان."
هەرچەندە بازاڕەکە کاتییە، بەڵام بووەتە سەرچاوەیەکی داهاتی باش بۆ گەنجانی ناوچەکە تەنانەت هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش.
مووسا رەحمان کرێکارە و لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە عەلوەکە و دەڵێت، "لە مەريوانەوە هاتووم، ئيشەکەمان بار خاڵی کردنە و شتوومەکیش بار دەکەين، ئەو پارەیەی کە پەيدای دەکەين 30 هەزارە، 750 هەزار تمەن دەکات. لای خۆمان ئيش نيیە، ئیدی ئەمە باشە بۆ ئێمە و بەشی ماڵەوەش دەنێرينەوە."
حەميد ئەحمەد، پیشەی کرێکارە لە بازاڕەکە و خەڵکی قەزای سەيدسادقە بۆ رووداو گوتی: "رۆژانە کاژێر 07:00 لەماڵەوە بەڕێدەکەوین، دێینە ئێرە کار دەکەين، نزیکەی پێنج کاژێر کار دەکەين بە 30 بۆ 40 هەزار دینار، ئەو بڕەش بۆ ئێمە باشە."
لە سنووری قەزای پێنجوێن 60 کەپری کاتیی هەن کە بۆ ماوەی چوار مانگ دانراون بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی قەزاکە.