ئەمریکا: هەسەدە 300 ئەندامی داعشی لە کەمپی هۆل دەستگیرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنە 24 رۆژەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بۆسەر کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە درێژایی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە رووی هەواڵگری، چاودێری و گەڕانەوە هاوکاریی "هاوبەشەکانیان" لە هێزەکانی هەسەدە کردووە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەشڵێت، مەبەست لەو ئۆپەراسیۆنە پاراستنی نزیکەی 60 هەزار دانیشتووی کەمپەکە بووە "لە تاوان و کردەوەی تیرۆریستیی داعش."
فەرماندەییەکەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات کە لەو ماوەیەدا هەسەدە نزیکەی 300 ئەندامی داعشی دەستگیرکردووە، دەستی بەسەر 25 کیلۆگرام تەقەمەنی و 25 نارنجۆکدا گرتووە. دەشڵێت، دەستبەسەر کەلوپەلی لۆجیستیی داعش لە کەمپەکەدا گیراوە.
جگە لەوەش، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لەو ماوەیەدا هەسەدە 6 ژنی رزگارکردووە کە "بە زنجیر بەسترابوونەوە و لەلایەن ئەندامانی داعشەوە ئەشکەنجە دەدران." لەنێویشیاندا، وەکو خۆی دەڵێت، بەشێکیان کاتێک لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکراون، منداڵ بوون و بۆ ماوەی چەندین ساڵ زیندانیکراون.
هێزەکەی ئەمریکا باس لە کچێک دەکات کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرکراوە کاتێک تەمەنی 9 ساڵ بووە و ئێستا تەمەنی بووەتە 17 ساڵ و دەڵێت، لە ماوەی ئەو 8 ساڵەی لە ژێر دەستی ئەندامانی داعشدا بووە، "ئەشکەنجەدراوە و چەند جارێکیش لەلایەن ئەندامانی داعشەوە کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، رۆژی8ـی ئەیلوول دوو شەڕڤانی هەسەدە لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش، لە کەمپی هۆل کوژراون.
رۆژی 25ـی مانگی ئاب، هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر کەمپی هۆل دەستپێکرد بە مەبەستی پاککردنەوەی کەمپەکە لە شانە نووستووەکانی داعش و رۆژی 17ـی ئەیلوول ئۆپەراسیۆنەکەیان بەکۆتاهێنا.
لای خۆشییەوە، ژەنەڕاڵ مایکڵ کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا باسی لەوە کرد: "داعش خەڵکی لاواز و مافخوراو دەکاتە نێچیر و هەوڵدەدات دۆخیی کەمپەکە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هێزەکانی رێکبخاتەوە."
ئەو ژەنەڕاڵە ئاماژە بەوەش دەکات کە بارودۆخی کەمپی هۆل "قەیرانێکی نێودەوڵەتییە" و پێویستی بە چارەسەرێکی نێودەوڵەتییە؛ تاکە چارەسەری هەمیشەییش، وەکو خۆی دەڵێت، گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی وڵاتانە لە کەمپەکە و تێکەڵکردنەوەیانە لەگەڵ کۆمەڵگەکانیان.