لەتیف رەشید داوا دەکات بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بخرێتە خشتەى کارى پەرلەمانەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق داوا لە موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان دەکات پڕۆژەیاساى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە بخاتە خشتەى کارى پەرلەمانەوە بۆئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت.
ئەو داواکارییەى لەتیف رەشید بە نووسراوێکى فەرمى بووە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـى ئاب ئاراستەى موحسین مەندەلاوى کردووە.
سەرۆککۆمار ئاماژەى بەوەداوە، بەپشتبەستن بە دیباجەى دەستوورى عێراق ئەو داوایەى کردووە، لە سۆنگەى بڕوابوون بە گرنگى هێنانەکایەى دادوەری و رێزلێنان لە قوربانییەکان و داننان بە نەهامەتییەکانى گەلى کورد لە کۆمەڵکوژیى هەڵەبجە، بارزان، ئەنفال و کوردانى فەیلی کە بەسەریان هاتووە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆماری عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى دەستوور، سەرۆککۆمار سیمبولى دەوڵەتە و بۆى هەیە نووسراو بۆ هەموو شوێنێک بکات و رەشنووسى پڕۆژەیاسا ئاراستەى پەرلەمان بکات".
هاوڕێ تۆفیق گوتى: "ئەم پرسە گرنگە و پەیوەندیدارە بە داهاتووی یاسا لە وڵات، ئەو نووسراوەى کە سەرۆککۆمار کردوویەتى لە سۆنگەى هەستکردن بووە بە بەرپرسیارێتیى دەستووری، بەوپێیەى کە تاوانى هەڵەبجە کۆمەڵکوژییە."
سەرۆککۆمار لە نووسراوەکەدا سوپاسی پەرلەمانتاران دەکات بۆ پاڵپشتى و دەنگدان بەو پڕۆژە یاسایە. بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار گوتى: "پەرلەمان یاساى خۆى هەیە کە پەیوەستە بە دەنگدانەوە، بەڵام ئەو نووسراوەى سەرۆککۆمار بەدواداچوون و پەرۆشییە بۆ ئەوەى پرسەکە بچێتە پێشەوە".
ئەو پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمانى عێراقە و تەنیا دەنگدانى ماوە. پڕۆژەکە لە چوار مادە پێکهاتووە.
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگا.