ئیمارات پێدانی ڤیزەی تاکەکەسی بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات پێدانی ڤیزەی تاکەکەسی بە هەڵگرانی پاسپۆرتی چەند وڵاتێک رادەگرێت، لەنێویاندا هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە لە 12ی ئابەوە دەرکراوە و 13ی ئاب چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، لەو کاتەوە هیچ کەسێک ڤیزەی سینگڵی پێنەدراوە."
لەبارەی هۆکارەکەیەوە عەتا ئەنوەر گوتی، بەرپرسانی ئیمارات دەڵێن، هۆکارەکەی ئەمنییە، بەڵام "کۆمپانیا گەشتیارییە گەورەکانی ئیمارات کە ئێمە کاریان لەگەڵ دەکەین، هۆکاری دیکە باس دەکەن."
سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی سلێمانی گوتیشی، "کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ئیمارات دەڵێن هۆکارەکە مانەوەی سینگڵەکانە لە ئیمارات بەگشتی و بەتایبەت لە دووبەی لە زیاتر لەو کاتەی بۆیان دیاری دەکرێت، کە دەبێت مانگێک بمێننەوە."
راگرتنی ڤیزەی تاکەکەسی لەلایەن ئیماراتەوە هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراق، سووریا، لوبنان، پاکستان، ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکەی گرتووتەوە.
هۆکاری بەشێک لەو کەسانەی لە ئیمارات زیاتر لە ماوەی دیاریکراو، کە مانگێکە، دەمێننەوە؛ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی داواکاریی مانەوە پێشکێش دەکەن و ئەوەش پێویستی بە کاتی زیاترە، بۆ ئەوەش "خۆیان دەشارنەوە و ماوەی زیاتر دەمێننەوە"، ئەوەش وەکو عەتا ئەنوەر گوتی.
عەتا ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، "پێدانی ڤیزەی خێزانی بەردەوامە، چونکە بەهۆی تێچووی زۆرەوە ئەوانەی بە خێزانی دەچنە ئیمارات لە مانگێک زیاتر نامێننەوە و دەگەڕێنەوە."
رۆژانە لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتی هاونیشتمانییان بۆ دووبەی هەیە؛ بەشێکی بۆ بازرگانی و بەشێکیشی بۆ گەشتیارییە.