دوای کوژرانی کۆڵبەرێک هاونیشتمانیان بارەگایەکی پاسەوانی سنووریان لە هەورامان سووتاند
روودا دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی رابردوو کۆڵبەرێک لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە لە دەڤەری هەورامان کوژرا، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە وەکو کاردانەوە بارەگایەکی پاسەوانی سنووریان سووتاند. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، ئەندامێکیان بریندارە.
سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی پاسەوانی سنوور ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو دوای ئەوەی کۆڵبەرێک ویستی بە رێگەی نایاسایی سنوور ببڕێت، لەلایەن هێزەکانمانەوە تەقەی لێکرا و بەداخەوە شەهید بوو."
پاسەوانی سنوور - ناوچەی یەک، سەر بە حکومەتی عێراقە و پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی لەئەستۆدایە. ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا روویداوە گوندی سەرگەتە لە دەڤەری هەورامان لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە.
سامی ئیسماعیل دەڵێت، دوای کوژرانی کۆڵبەرەکە، خەڵکی ناوچەکە وەکو کاردانەوەیەک هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی هێزەکانیان لە سنووری هەورامان و سووتاندیان؛ گوتیشی، "بەهۆی هێرشەکەوە کارمەندێکمان بریندارە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئەمڕۆ لیوا دلێر فەرزەندە، فەرماندەی گشتیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور سەردانی هەورامان دەکات.
کۆڵبەرەکە ناوی ئارام خەلیل و تەمەنی 26 ساڵە. دوای رووداوەکە هاوڕێیەکی ئارام بە رووداوی گوت، "رۆژانە کاری کۆڵبەری دەکرد. ئەمشەو نزیکی کاژێر هەشتی شەو، دوای دەرچوونی لە پاسەوانەکانی سنوور، دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و کوژرا."
ئارام بە برینداری گەیێندرابووە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، کە گولـلەیەک بە سنگی کەوتبوو، گیانی لەدەستدا.
ئارام خەليل دایک و باوکی لە ژیان نەماون، خۆی رۆژانە بەکاری کۆڵبەری برا و خوشکەکانی دەژیاند.