کچە رۆژنامەڤانێک لە هەڵەبجە: بەهۆی پەلاماری هێزە ئەمنییەکانەوە لە سێ شوێن دەستم لەجێ چووە
رووداو دیجیتاڵ
کچە رۆژنامەڤانێک لە سنووری هەڵەبجە دەڵێت، لەکاتی رووماڵدا لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە پەلاماردراوە و لە سێ شوێنەوە دەستی لەجێ چووە. رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئامادەن پارێزەر بۆ رۆژنامەڤانەکە دابین بکەن.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری کەناڵی زووم لە شاری هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەوی رابردوو لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی کۆڵبەرەکەی سنووری گوندی سەرگەت لە هەورامان، هێزێکی ئەمنی سەر بە سنووری خورماڵ پەلاماریاندام و بە زۆر کامێراکەیان لێوەرگرتم".
ئەڤین ئێستا دەست و قۆڵی پێچراوە و دەڵێت، دوای بەخاکسپاردنی تەرمی کۆڵبەرەکە، نزیکەی 100 کەس ویستیان بۆ سووتانی بارەگایەکی پاسەوانی سنوور بچنە سەر چیایەک و ئەو و چەند رۆژنامەڤانێکی دیکەش لەگەڵیان چوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "کەس نەیگوت مەچن، بەڵام لەوێ هەرچەندە تەنیا ژن بووم، ئەندامێکی هێزی ئاسایش پەلاماری دام بۆ وەرگرتنی کامێرا و مایک، کە پێم نەدا، دەستمی بە پێچەوانەوە سووڕاند و کامێراکە لە دەستم کەوتە خوارەوە".
ئەڤین عەتا دەڵێت: "دوای ئەوەی ئازاریاندام و لە سێ جێگە دەستم لەجێ چوو، هەروەها شان و ملم ئازاری پێگەیشت، نەشیانگوت داوای لێبووردن دەکەین، بەشێوەیەکی ناشیرین گوتیان لێرە مەوەستن".
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، سبەی دژی ئەو هێزەی ئازاریان داوە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکات.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت: "لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان هەر هێزە و یاسای تایبەت بە خۆی هەیە بۆ رێگری لە رۆژنامەڤانان بۆ ئەوەی دەستیان بە زانیارییەکان نەگات؛ یەکێک کامێرا وەردەگرێت، یەکێک لە رۆژنامەڤان دەدات و هەشیانە زیندانییان دەکەن. ئەوەی لەنێو هەموویاندا فەرامۆش کراوە یاسای رۆژنامەگەرییە".
رێکخەری سەنتەری میترۆ کە کاریان داکۆکیکردنە لە ئازادی رادەربڕین گوتیشی، "ئەو کچە رۆژنامەڤانە مافییەتی بگاتە سەرچاوەی زانیاری، کە رێگری لێ دەکرێت بۆ شاردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە دەبێت کۆمەڵگە بیزانن".