خۆپێشاندانی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا برینداری لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دەرچووانى بەشە پزیشکییەکان لە بەغدا خۆپێشاندان دەکەن بەهۆى ئەوەى ناوى نیوەى ئەو دەرچووانە بۆ دامەزراندن نەهاتووەتەوە. خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و لە هەردوولا برینداری لێکەوتەوە.
خۆپێشاندانەکە لە بەردەم وەزارەتى دارایی عێراق کرا. بەهۆى پێکداهەڵپژانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران بریندار بوون.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی بەردەم وەزارەتی دارایی، 18 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە بریندارکراون و بەشێک لە برینداران ئەفسەرن.
سامان، هاونیشتمانییەکى کەرکووکە و یەکێک بوو لە بەشدارانى خۆپێشاندانەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوى گوت، "ئێمە دەرچووانى بەشە پزیشکییەکانى ساڵى 2023 ین، دوو مانگە زیاتر لە حەوت جار خۆپێشاندانمان کردووە."
دامەزراندنى دەرچووانى بەشە پزیشکییەکان بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتییە، کێشەکەیان لەنێوان هەردوو وەزارەتى تەندروستى و دارایی عێراق دایە.