شاڵاو عەلی عەسکەری: لە کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی جارێ پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژناکەین
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی، یەکێتی جارێ دەستی تۆمەت بۆ کەس درێژ ناکات تاوەکو هێزی ئەمنی و ئاسایش لێکۆڵینەوە تەواو دەکەن، شاڵاو عەلی عەسکەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە بەخاکسپاردنی تەرمەکەیدا ئەمەی بە کەناڵەکان گوت و رایگەیاند "رووداوەکە زۆر تەمومژاوییە."
کەسوکارەکەی، بە گریانی بەکوڵ نیاز دەرگەڵەییان ناشت، کە کاژێر 10:00ـی شەوی هەیینی 18-8-2023 لەنێو باخەکەی خۆی لەجادەی قائید لە رانیە کوژرا.
باڵا هاوار، برازای نیاز دەرگەڵەیی بە رووداوی گوت "چاوەڕوانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوەکان دەکەین. ناکرێت گومان بکەین کە رووداوێکی تیرۆری سیاسییە یان تایبەتییە. ناتوانین هیچ بڕیارێک بدەین، چاوەڕوانین."
رووداوەکە لە باخێکدا روویداوە، لەکاتی رووداوەکەدا هاوژینی نیاز دەرگەڵەیی لە باخەکەی تەنیشتیان بووە. بەگوتەی کەسوکارەکەی، نیاز دەرگەڵەیی سێ گوللـە بەچەکی بێدەنگ بە سەرییەوە نراوە و، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
نیاز جەلال بەگ، تەمەن 70ساڵ و ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی بوو. دووجار ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی 11 منداڵ بوو.
شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کوشتنی نیاز دەرگەڵەیی دەڵێ "ئەگەر خوانەکردە رووداوەکە تیرۆری سیاسی بێت، ئێمە لە کاتێکی هەستیارداین کە نێوماڵی کورد پێویستی بەیەکگرتوویی هەیە، بەڵام رووداوەکە زۆر تەمومژاوییە و وەک یەکێتی، جاری پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژناکەین و چاوەڕێی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەین."
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە؛ تاوەکو ئێستاش کەس بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرنەکراوە.