سێیەمین پێشانگەی خانووبەرە و بیناسازیی هەولێر کۆتاییهات
رووداو - هەولێر
حوسێن کە تەمەنی 23 ساڵە، یەکێکە لە گەنجترین خاوەن کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە هەولێر و هەلیکاری بۆ 10 گەنجی دیکەش رەخساندووە. ئەو لە سێیەمین پێشانگەی خانووبەرە و بیناسازی لە هەولێر بەشداریکرد کە کارەکانی پێشانگەکە کۆتاییهات.
حوسێن بەشار، خاوەن کۆمپانیا دەڵێت: "ئەم پێشانگەیە بۆ ئێمە و هەموو کۆمپانیاکان دەرفەتێکی زۆر باش بوو تاوەکو یەکتر بناسین و لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکی و ناوخۆییەکانیش پەیوەندی باش دروست بکەین."
خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ئامادەبوونی 180 کۆمپانیا وەکو دەرفەتێکی باش دەزانن بۆ ناسین و مامەڵەکردن لە کەرتی خانووبەرەدا.
سەردار سابر، خاوەن پڕۆژەی نیشتەجێبوون گوتی: "رەنگبێ بۆ خەڵک ئاسان نەبێت کە بچن و سەردانی هەموو کۆمپانیاکان بکەن، بۆیە کۆکردنەوەیان لە یەک شوێن دەتوانێت بۆ خەڵک و کڕیاران زۆر باش بێت کە لە نزیکەوە کۆمپانیاکان و پڕۆژەکان ببینن."
ژمارەی کۆمپانیاکان بە بەراورد لەگەڵ دوو خولی پێشووی پێشانگەی هەولێر بۆ خانووبەرە، 50٪ زیادی کردووە.
سۆران قادر، بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ خانووبەرە باسی لەوە کرد: "ئەو نائارامیی و خۆپێشاندانانە کە لە عێراق هەن وایکردووە کە هەندێک کەس هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جیا نەکەنەوە، ئێمە دەمانەوێت بەم پێشانگەیەنە ئارامی و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستان و جیاوازی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق نیشان بدەین."
لە ساڵی 2006ـەوە لە هەرێمی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا کراوە. هەروەها زیاتر لە هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە کە نزیکەی 250یان پڕۆژەی نیشتەجێبوون بوون.