هەورامان گەچێنەیی: ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادەنەبوون گوناهبارن
رووداو- هەولێر
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیێنێ ئۆباڵی دوونیا و لە قیامەت لەسەر شانی ئەوپەرلەمانتارانەیە کە ئامادەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نەبوون.
هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، "ئەوەی گرنگە بە کاری پەرلەمانتاری و یاسایی خۆمان هەڵساوین و خۆڵیش ناخەینە چاوی هیچ کەسێک و لەو هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبن".
هەورامان گەچێنەیی، پێوایە "ئۆباڵی ئەنجام نەدانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە خۆیان بە نوێنەری خەڵک دەزانن و بەڵێنیاندابوو ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان بن، کەچی ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، بۆیە ئۆباڵەکەی لە دوونیا و لە قیامەت لەسەر شانی ئەوانەیە".
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی زیاتر روونیکردەوە "ئەمانە گوناهباردەبن، چونکە عەهد و بەڵێنیا شکاندووە، ئێمەش دڵخۆشین کە لەسەر عەهد و بەڵێنی خۆمان بەردەوام بووین و سووریش دەبین".
هەورامان گەچێنەیی دەڵێت "مسوڵمان دەبێت خاوەن عەهد و بەڵێنی خۆی بێت، هەر کەسێک موسڵمانیش نەبێ مادام عەهد و بەڵێنیداوە لە رووی مرۆڤایەتییەوە دەبێت پێوەوە پابەند بێت".
بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە 19-8-2015 پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڵام رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکە تەواو نەبوو بۆیە کۆبوونەوەکە نەکرا.